ژمارەیەك ماڵ شەقامی 120 مەتری هەولێر رادەگرن

:: PM:12:10:05/09/2017 ‌

بوونی ماڵێك لە ناوەڕاستی شەقامی 120 مەترسی هەولێر و هەندێك بەربەستی تر، بەشی سێیەمی ئەو شەقامە دووچاری خاوبوونەوە دەكات و بەرپرسێكی كۆمپانیای جێبەجێكار دەڵێت، نووسراومان بۆ شارەوانی كردووە بەربەستەكان هەڵگرن.

لە بەشی سێیەمی شەقامی 120 مەتریی هەولێر، بوونی چەند ماڵێك لەسەر شەقامەكە و ئاوی ئیفراز و ستوونی كارەبا، كێشەی بۆ كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكە دروست كردووە. هەرچەندە شۆفڵەكانی كۆمپانیا گەیشتوونەتە بەردەم ماڵەكان، بەڵام ئەوان لە جێی خۆیان نەجووڵاون و دیار نییە كەی رازی دەكرێن.

لە بەدواداچوونێكی مەیدانی "وشە"دا دەردەكەوێت لە شەقامی 120 مەتریی هەولێر لە نزیك جووتسایدی بنەسڵاوە، كێشەی بوونی ئاوی ئیفراز و ستوونی كارەبا و بوونی 12 ماڵ لە ناوەڕاستی شەقامەكە هەیە، ئەوەش لەلایەن كۆمپانیای جێبەجێكارەوە وەك ئاستەنگ دادەنرێت بۆ سستی لە تەواوكردنی كارەكانیان.

نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر، بە"وشە"ی راگەیاند، "كێشەی ئەو بەربەستانەی سەر شەقامەكە لەلایەن شارەوانییەوە چارەسەر دەكرێت و ئەگەر ئەو ماڵانەش پێشتر قەرەبوو كرابنەوە، ئێستە هیچ كێشەیەكیان لای ئێمە نییە".

پارێزگاری هەولێر زیاتر دەڵێ‌، "كارەكانی شەقامی 120 مەتری بەردەوامی هەیە و بە تەواوبوونی سیمایەكی جوانتر بەشاری هەولێر دەدات و جەنجاڵی كەم دەكاتەوە".

ئەمیر عەبدولخالق بەڕێوەبەری پڕۆژەكانی ڕێگەوبان لە "هێمن گرووپ" كە جێبەجێكاری شەقامەكەن، ئاشكرای دەكات، نووسراویان بۆ شارەوانی كردووە بۆ چارەسەری كێشەكان.

ئەمیر بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، "شەقامی 120 مەتری كارەكانی بەردەوامە و لە قۆناغی یەكەم و دووەمیش بەربەست هەبووە و چارەسەر كراوە، بۆیە بەشی سێیەمی كە بریتییە لە شەقامی كەسنەزان بۆ شەقامی كەركووك دوو بەربەست هەیە، ئەوانیش بوونی چەند ماڵێك و بوونی ئاوی ئیفرازە لە شوێنەكەدا، بۆیە نووسراومان بۆ شارەوانی كردووە چارەسەر بكرێن،".

زیاتر گوتی، "بەشی دووەمی پڕۆژەكە كە لە شەقامی شەقڵاوە بۆ شەقامی كەسنەزانە، كۆتای ئەمساڵ دەكرێتەوە".

لەبارەی بەشی سێیەمی شەقامی 120 مەتری، ئەمیر دووپاتی دەكاتەوە، "كاركردن بەچڕی بەڕێوە دەچێت و كۆتای ساڵی داهاتوو ئەو بەشەش تەواو دەبێت و لە شەقامی كەسنەزانەوە بۆ شەقامی كەركووك بەڕووی شوفێراندا دەكرێتەوە، كاركردنی دەوێت و ئێمەش بەردەوامین، پێشبینی دەكرێت لە كۆتای ساڵی 2018 كارەكانی تەواو بێت".

"ئەوەی ماوەتەوە لە بەشێكی كارەكانی كۆمپانیا توركییەكەیە كە پڕۆژەكەی جێهێشتووە و پێ دەچێت دوای بخات، هەرچی سێ بەشەكەی ترە، ئێمە لەكاتی خۆیدا تەواوی دەكەین و بە شارەوانی دەدەینەوە" بەرپرسەكەی هێمن گرووپ وای گوت.

پڕۆژەی شەقامی 120 مەتری هەولێر بەر لە تەنگژەی دارایی خرایە بواری جێبەجێكردن، بەشی چوارەمی كۆمپانیای "ئیكجەلەر"ـی توركی دەبوو جێبەجێی بكات، بەڵام كارەكانی وەستاند و پڕۆژەكەی جێ هێشت، كۆی گشتی ئەو پارەیی بۆ پڕۆژەی شەقامی 120 مەتری هەولێر دابین كراوە بڕی 450 ملیۆن دۆلارە.

سەرتیپ سابیر سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنی شەقامی 120 مەتریی لە سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر بۆ "وشە" روونی كردەوە، "نووسراومان بۆ سەرۆكی شارەوانی كردووە و چاوەڕوانی وەڵامین بزانین چی دەكەن بۆ لابردنی ئەو بەربەستانەی هەیە".

بەتەواوبوونی شەقامی 120 مەتریی هەولێر بەگوێرەی بەدواداچوونی "وشە"، ڕاستەوخۆ لە پشكی ئەو داهاتەی بۆ شارەوانییەكان دیاری كراوە، نەخشەی پڕۆژەی 150 مەتریی هەولێر دەخرێتە بواری جێبەجێكردن كە بەشێكی شارەدێیەكانی دەوروبەری هەولێر دەخاتە ناو سنووری شارەوانیی هەولێر.



وشە - رامیار جەواد