ئەمەریكا سنوورەكانی كوردستان دەپارێزێ
هێزی زۆری ئەمەریكی لە سنووری كوردستان و عێراق بڵاو بوونەوە

:: AM:11:18:07/09/2017 ‌

هێزێكی گەورەی ئەمەریكا بە چەك و جبەخانەیەكی زۆرەوە، لەدواین سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بەرامبەر عێراق جێگیر دەبێت و بەرپرسێكی حزبيی ئه‌و سنووره‌ دەڵێت، ئەمەریكا بەو هۆیەوە پەیامێكی هەیە بۆ كورد كە ئەوەی لە تەلەعفەر ڕوویدا، جارێكی تر دووبارە نابێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی ئەیلوول، ڕەشاد گەڵاڵی بەرپرسی كۆمیتەی مەخمووری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەدوێنێوە هێزێكی بەرفراوانی ئەمەریكا كە زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێلی سەربازییان پێیە، لەنزیك سنووری مەخموور جێگیر بوونە.

بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتی دەڵێت، ئەمەریكا بەو هێزەی كە سەرجەم جۆرەكانی چەكیان پێیە، دەیەوێت بەرگری لە سنووری دووبز و مەخموور بكات و ئەوەی لە تەلەعفەر ڕووی دا دووبارە نابێتەوە تا سنوورەكە پارێزراو بێت.

گەڵاڵی زیاتر گوتی، ئەو بنكەیە لە نزیك گوندی پونگیەنەی سەر بە شارۆكەی قەراجی دەشتی هەولێرە و پێدەچێت بۆ ماوەیەكی زۆر بمێننەوە لەو شوێنە، لەكاتی هێرشكردنە سەر حەویجە پێش هێزەكانی پێشمەرگە بكەون بۆ پاككردنەوەی شوێنەكان.

قەراج سەر بە شارۆكەی مەخموورە، یەكێكە لە شارۆكانەی پارێزگای هەولێر لە ساڵی ٢٠١٠داژمارەی دانیشتووانی مەخموور ١٧٨٬٣١٩كەسبووە كە لەپێنج شارەدێ‌ پێكهاتووە.



وشە - رامیار جەواد