راپەڕینەكەی شێخ عوبێدوڵای نەهری
هەوڵێك بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان

:: PM:01:29:07/09/2017 ‌


كتێبێك بە ناوی "ژیان لە رۆژهەڵاتی مسوڵمان" زیاتر لە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر نووسراوە و چاپ كراوە و نووسەری كتێبەكە ناوی "پیر پونافیدەن"ە كە بە زمانی رووسی ئەو كتێبەی نووسیوە، هاوسەرەكەی "ئیما كوشران پونافیدەن" وەریگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی، وەرگێڕانە ئینگلیزییەكە لە ساڵی ١٩١١ چاپ كراوە و پڕە لە بیرەوەری نووسەر كە بۆ ماوەی ٣٦ ساڵ كونسوڵی رووسیا لە هەردوو دەوڵەتی ئێران و عوسمانی بووە. ئەو كۆمەڵێك گەشتی بۆ ناوچە جیاوازەكانی ئێران و كوردستان، حیجاز، بەغدا، بەسڕە و هیندستان كردووە.

كتێبەكە لە چەندان بەش پێك هاتووە و بەشێك لە كتێبەكە باسی هەوڵەكانی شێخ عوبێدوڵا نەهری دەكات بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردی لە ساڵی ١٨٨٠ی زاینی كە "رادیۆ فەردا" بە زمانی فارسی بڵاوی كردووەتەوە.

نەتەوەی كورد بە ئیمپراتۆرەكانی عوسمانی، ئێران و ڕووسیا بڵاو بوونەتەوە، بەڵام خێلە كوردییەكان بەردەوام پێوەندییان لەگەڵ یەكتردا هەبووە و حیسابیان بۆ سنوور نەكردووە. ئەوان هەر كاتێك دەرفەتیان بۆ رەخسابێت، هەوڵی سەربەخۆیییان داوە. نموونەیەك لەو دەرفەتانە بۆ نزیكەی ١٤٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.  لە ساڵی ١٨٨٠ی زاینی یەكێك لە شێخە بەناوبانگەكانی كورد لە كوردستانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی دەستی بە راپەڕین كرد. كاتێك شێخ عوبێدوڵا هێرشی كردە سەر ئێران، من لە ئێران بووم.

جەنگی نێوان ڕووس و عوسمانییەكان تازە كۆتای پێ هاتبوو و كورد بڕێكی بەرچاو چەكی دەست كەوتبوو، بەشێك لەو چەكانە لە لایەن ئیمپراتۆری عوسمانییەوە بە كورد درابوون، چونكە ئەوان لەو جەنگەدا لایەنگرییان لە عوسمانییەكان كرد.  بەشێكی تریش لەو چەكانە هەر لە كاتی جەنگ دەستەبەریان كردبوو، لەو دەرفەتە زێڕینەی كە كورد بووبووە خاوەنی چەك و هێز، شێخێك بە ناوی شێخ عوبێدولای نەهری سەری هەڵدا كە خەونی بە دروستكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی دەبینی. ئەو پلانەی شێخ پڕ بوو لە مەترسی و دەبوو روبەڕووی هەریەك لە ئێران و عوسمانی بوایەتەوە. راپەڕینێكی رێك خست كە بەسەدان گوند وێران بوون و بە هەزاران كەسیش كوژران.

شێخ عوبێدوڵا كەسایەتییەكی تایبەتیی هەبوو، ئەو لە گوندێكی نزیك سنووری نێوان ئێران و عوسمانی لە دایك بوو، هەڵبەت گوندەكە لە دیوی عوسمانی بوو و ئێستە بەشێكە لە عێراق. ئەو شێخ بوو و هاوكات سەید و بەهۆی كەسایەتی و تواناكەی، نەك لە نێو خێڵەكەی خۆی، بەڵكو لە نێو هەموو خێڵ و هۆزە كوردییەكان ناسراو بوو و رێزی لێ دەگیرا. شێخ هەموو رۆژێك لە ماڵەكەی خۆی كۆبوونەوەی رێك دەخست، بەتایبەت لە هاوینان هەر لە پێش هەیوانی ماڵەكەی لەسەر زەوی دادەنیشت، قسەی بۆ خەڵك دەكرد و وەڵامی پرسیارەكانی خەڵكیشی دەدایەوە. زۆربەی جارەكان ٦٠٠ كەس لە خەڵكی گوندەكان و ناوچەكانی دەوروبەر لە كۆڕەكانی شێخدا بەشدارییان دەكرد، هەندێك جار خەڵك سكاڵاكانی خۆیان دەهێنایە لای شێخ و ئەویش كێشە و ناكۆكییەكانی خەڵكی چارەسەر دەكرد و بێلایەنانە بڕیاری دەردەكرد. دادپەروەریی شێخ لە رۆژهەڵات دەنگی دابووەوە. هاوكات كەسێكی زۆر دڵكراوە و میواندۆست بوو، ئەمەش هێندەی تر پێگەی كەسایەتیی شێخی بەهێز كردبوو.

هەر كەسێك بۆ هەر مەبەستێك سەردانی شێخی كردبایە، هەر لەوێ دەبوو میوانی شێخ بێت و لەسەر خوانی شێخ دابنیشێت. ئەو یارمەتی هەژارانی دەدا و هەر كەسێك بە هەر هۆكارێك لێی قەومابایە، داڵدەی دەدا. ئەگەر رۆژێك شێخ نەخۆش بووبایە یان بەهەر هۆكارێك نەیتوانیبایە لە دیوەخان ئامادە بێت، ئەوا كوڕەكەی ئەركەكانی شێخی جێبەجێ دەكرد.

شێخ عوبێدوڵا زۆربەی شێخ و سەرۆك هۆزە كوردەكانی ئیمپراتۆری عوسمانی و ئێرانی رازی كرد بێنە پاڵی، یەكێك لەو شێخانە ناوی شێخ حەمزە ئاغا بەگ بوو كە لە دیوی كوردستانی ئێران دەژیا و دوژمنێكی سەرسەختی دەسەڵاتی ئەوكاتی ئێران بوو.

شوێنی رووداوەكە لە ناوچەیەك بوو كە دانیشتووانەكەی تەنیا كورد نەبوون، بەڵكو ئازەری و ئاشووریش دەژیان. ئاشوورییەكانی ورمێ لایەنگری ئوسقۆف "نەستۆریۆس" بوون كە لە ساڵی ٤٣١ەوە لە ناوچەكانیان دەركرابوون و فتوای كافربوونیان بەسەردا سەپێنرابوو و ناوچەكانیان جێ هیشتبوو. ئاشوورییەكانیش هاوشێوەی كورد پەرت و بڵاون و لە هەردوو دیوی سنوور بەرچاو دەكەوتن. ئاشوورییەكانی ئێران كە ژمارەیان ٤٠ هەزار كەس دەبێت، لە ناوچەكانی ورمێ، سەڵماس، سولدوز، برادۆست، تەرگەوەڕ و مەرگەوەڕ دەژین. هەر لەو ناوچانە ژمارەیەك لە ئەرمەنییەكانیش دەژین كە ژمارەیان دەگاتە ١٤ هەزار كەس. ئەوانەی تر لە ئازەری شیعە و كوردی سوننە پێك هاتوون.

رێك لە ئەیلوولی ساڵی ١٨٨٠ كوردی ئیمپراتۆری عوسمانی لە ژێر سەركردایەتی شێخ عوبێدوڵا، سنووری ئێرانیان بەزاند و هەریەك لە شارەكانی شنۆ، ساوجبڵاغ"مەهاباد" و میاندواو لە كوردستانی ئێرانیان كۆنترۆڵ كرد، ئەوان لەو هێرشەیاندا دەیان گوندیان وێران كرد و بە هەزاران كەس لە هاووڵاتی ئاشووری و شیعەیان كوشت. شێخ عوبێدوڵا خۆی فەرماندەیی هەشت هەزار جەنگاوەری كوردی دەكرد و توانی ورمێ بە تەواوی گەمارۆ بدات. ورمێ بەهۆی میانجیگەری پزیشكێك و هاووڵاتییەكی ئەمەریكی بەناوی دكتۆر كوشران، لە هەر جۆرە تاڵانكردنێك پارێزرا. دكتۆر كوشران توانی شێخ عوبێدوڵا رازی بكات داگیركردنی ورمێ دوا بخات،  ئەمە دەرفەتێك بوو بۆ هێزەكانی ئێران كە لە تەورێزەوە بەرەو ورمی بەرێ بكەون و خۆیان بگەیەننە ورمێ و پێش بە هێرشی شێخ عوبێدولا بگرن.

دكتۆر كوشران كە دەبێتە خەزووری نووسەری ئەم بیرەوەرییانە، دەمێك بوو لە ورمێ دەژیا و كچەكەشی دواتر دەبێتە هاوسەری پونافیدان لەدایكبووی ورمێ بوو.

بەهۆی ئەو پێوەندییەی شیخ لەگەڵ دكتۆر كوشراندا هەیبوو، هەموو هەوڵێكی دا تا ئاشوورییەكان بپارێزێت و سزای ئەو جەنگاوەرە كوردانەی دەدا كە بێڕەحمانە هەوڵی تاڵانكردنیان دەدا. بۆ نموونە شێخ عوبێدوڵا گرووپێك جەنگاوەری لە سێدارە دا كە ماڵی ئاشوورییەكانیان تاڵان كردبوو و هەندێك خەڵكی ئاشووریان كوشتبوو. هەڵبەت شێخ عوبێدوڵا توانای ئەوەی نەبوو بە تەواوی هەموو ئەو تووڕەیییە دامركێنێت كە كورد بە هۆی دەمارگیری ئاینی بەرامبەر بە خەڵكی تر هەیبوو. بەشێك لە جەنگاوەرەكانی شێخ عوبێدوڵا بەمەبەستی تاڵانكردن روویان لە شاری تەورێز كرد كە كەوتووەتە رۆژهەڵاتی ورمێ. تەورێز ناوەندێكی گرنگی بازرگانی ئازەربایجان بوو و جێگرەوەی شای ئێران هەر لەو شارە دەژیا. لەگەڵ نزیكبوونەوەی ئەم كۆمەڵە جەنگاوەرە لە تەورێز، خەڵكی شارەكە تووشی ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر بوون و بەشێك لە خەڵك لە شارەكە رای كرد، سەرەتا گەورەیی رووداوەكە بە شای ئێران نەگوترا، بەڵام دواتر نوێنەرانی رووسیا و بەریتانیا كۆی هەڕەشە و مەترسییەكانی هێرشی شێخ عوبێدوڵایان بۆ شای ئێران روون كردەوە.

شای ئێران یەكسەر بڕیاری دا ٢٠ هەزار سەرباز لە تارانەوە بەرەو تەورێز رەوانە بكات، كە وەزیری پێشووی جەنگ فەرماندەیی هێرشەكەی كرد. ئەوكات وەزیری جەنگ كێشەی لەگەڵ شا هەبوو و حوكمی قەزوینی دەكرد. لە لایەكی ترەوە تەیموور پاشا كە یەكێك بوو لە بەگەكانی ماكۆ كە شارێكی كوردی-ئازەرییە و هاوسنوور لەگەڵ رووسیا، بۆ خۆی بە پێنج هەزار جەنگاوەر بەرەو ورمێ لەشكركێشی كرد و ویستی پارێزگاری لە ورمێ بكات. لە لایەكی ترەوە هێزەكانی رووسیاش لەسەر داوای ئێران بەرەو سنوورەكانی ئێران بەڕێ كەوتن.

بەهۆی ئەم هێرشانەوە، هێزەكانی شێخ عوبێدوڵا ناچار كران بەرەو سنوورەكانی ئیمپراتۆری عوسمانی پاشەكشە بكەن. شیعەكانی ئێران ئەم جارە ویستیان تۆڵە بستێننەوە و دەستیان بە كوشتن و تاڵانكردنی خەڵكی كورد كرد كە پشتیوانیان لە شێخ عوبێدوڵا كردبوو. دواتر هێزەكانی تەیمور پاشاش تێكەڵ بە سوپای ئێران بوون و بەیەكەوە زۆرێك لە ناوچەكانیان وێران كرد و خەڵكێكی زۆریان كوشت و دواجار لە سنووری نێوان ئێران و ئیمپراتۆری عوسمانی جێگیر بوون.

لە ژێر گوشاری وڵاتانی ئەوروپا، دەوڵەتی عوسمانی، شێخ عوبێدوڵای ناچار كرد ناوچەكەی خۆی جێ بهێڵێت و بێتە ئیستانبوڵ،  دەوڵەتی عوسمانی بە رێزەوە پێشوازی لە شێخ  كرد و هەر لە ئیستانبوڵ كۆشكێكی بۆ دروست كرد، مانگی ڕەمەزان بوو كە شێخ گەیشتە كۆشكەكەی لە ئیستانبوڵ و لە كۆتای مانگەكەش دووبارە بەرەو كوردستان گەڕایەوە. ئەم جارەیان دەوڵەتی عوسمانی لێی تووڕە بوو و دوای گرتنی بۆ مەككە دووری خستەوە. شێخ عوبێدوڵا لە ساڵی ١٨٨٣ لە مەككە كۆچی دوایی كرد. زۆرێك لەو شێخ و بەگانەی لە ئێران پاڵپشتیان لە شێخ كردبوو لەوانەش حەمزە ئاغا بەگ، گیران و لە سێدارە دران.

جێی باسە لە بەشێكی تری كتێبەكە، نووسەر باسی گەشتێكی خۆی بۆ كوردستانی عوسمانی دەكات كە پێشتر وەرگێڕانەكەی لە "وشە" بڵاو كراوەتەوە.





وشە - سلێمان تاشان