دادگا چوار ساڵە منداڵەكانی ژنێكی هەولێر ناداتەوە

:: AM:09:36:09/09/2017 ‌

تەمەنی 32 ساڵە و ماوەی چوار ساڵە لە هاوسەرەكەی جیا بووەتەوە، دوای جیابوونەوەی دادگا بڕیاری داوە منداڵەكەی لای پیاوەكە بمێننەوە و ئەمیش چوار ساڵە هاتوچۆی دادگا دەكات تا بڕیارەكەی بگۆڕێ و منداڵەكانی لەژێر دەستی ژنی دووەمی پیاوەكەی، نەچەوسێنرێنەوە.

"ناسكە" چوار ساڵە هاتوچۆی دادگا دەكات و چاوەڕێی ئەو ڕۆژەیە دادگا فەرمانی بەخێوكردنی منداڵەكانی لەلایەن باوكیانەوە بۆ دایكیان بگێڕێتەوە و بۆ هەمیشە منداڵەكانی بگەڕێنەوە لای ئەو و لە باوەشی ئەودا بمێننەوە، بەڵام لە هەر دانیشتنێكی دادگا بە هۆكاری جیاجیا منداڵەكانی پێ نادرێتەوە و دۆسیەكەی دادەخرێ و ئەمیش جارێكی تر دۆسیەكە دەجووڵێنێتەوە.

دایكی ئەو دوو منداڵە ئێستە لە ماڵی باوكی دەژی و چیرۆكی هەوڵەكانی لە دادگا بۆ ماوەی چوار ساڵ بە ئامانجی گێڕانەوەی منداڵەكانی بۆ لای خۆی بۆ "وشە" دەگێڕێتەوە.

ئەو دەڵێ، لە خێزانێكی هەژار بووم، بەناچاری وازم لە خوێندن هێنا و لە كاری دروومانیدا هاوكاریی دایكمم كرد، بۆ ئەوەی بژێوی و ژیانمان دابین بكەم، دواتر لە تەمەنی 20 ساڵی هەر لەبەر ئەوەی  بارگرانی كەم ببێتەوە لەسەر خێزانەكەم، هاوسەرگیریم كرد.

ئاماژەی دا، ماڵی هاوسەرەكەم هەزار بەڵێنیان پێ دام بۆ ژیانێكی زۆر باش و ئارام، بەڵام تەنیا بەڵێنێكیشیان نەبردە سەر، من كەوتمە ناو ماڵێك كە 15 سەر خێزان بوون و خزمەتكاری هەموویانم دەكرد، خەسوویشم هەر ڕۆژە بەجۆرێك لەگەڵ كچەكانیدا بیانوویان پێم دەگرت و لێیان دەدام، مێردەكەشم دەسەڵاتی منداڵێكی بچووكی نەبوو، تەنیا دەیگوت هەرچی دایكم پێی گوتی دەبێت قبووڵی بكەیت.

لەبەر توانجی ماڵی خەسووی ئەو سوكایەتییەی وەك خۆی باسی دەكات كە هەمیشە پێیان گوتووە منداڵی نابێت، ڕێی داوە لە ناو خێزانێكی ئاوا گەورە دووگیان ببێت، دوو منداڵی بە سكێك دەبێت، دوای لە دایكبوونی منداڵەكانی ژیانیان قورستر دەبێت.

ناسكە نایشارێتەوە ئەو نەیویستوە لە ناو ژیانێكی لەم شێوەیە منداڵی ببێت، چونكە زانیویەتی ناتوانێ وەك پێویست ژیانێكی باشیان بۆ فەراهەم بكات، بەڵام لەبەر لۆمەی خەسووی ڕێی داوە.

ئەو باس لەوە دەكات، بە دزی ماڵی خەسووی لە ماڵی باوكیدا نانی بەكرێ بۆ خەڵك كردووە و بە پارەكەی پێداوستی دوو منداڵەكەی پێ دابین كردووە، هاوسەرەكەیشی ئەو پارەیەی پەیدای كردووە، داویەتی بە دایكی و هیچ خەرجییەكی ژن و منداڵەكانی نەكێشاوە، هەركات ناسكە داوای پارەی لێ كردووە، لێی داوە و گوتوویەتی دووبارە داوای بكەیتەوە دەمت دەشكێنم.

ئەو ژنە زیاتر گوتی، سەرەڕای هەموو خراپییەك، دایكی ئارازی مێردی ویستوویەتی ژنی دووەم بۆ ئاراز بهێنێت و پێی گوتووە تۆ ژن نیت و من ژنێك بۆ كوڕەكەم دەهێنم نینۆكێكی سەدی وەك تۆ بهێنی، ناسكە ئەو قسانە قبووڵ ناكات و دەچێتەوە ماڵی باوكی، مالێ خەسوویشی تا شەش مانگ بەدوایدا ناچنەوە، دواتریش پێی دەڵین ئەگەر ڕازی بەو جۆرە ژیانە ئەوە وەرەوە، بەڵام ئێمە ژنی دووەم بۆ كوڕەكەمان هەر دەهێنین.

ناسكە بەو بڕیارە ڕازی نابێت، بۆیە لە هاوسەرەكەی جیا دەبێتەوە، هەرچەندە منداڵەكانی ناسكە تەمەنیان شەش ساڵە، بەڵام دادگا منداڵەكان دەداتەوە بە باوكیان، چونكە ئاراز بەڵگەی پزیشكی بۆ دادگا بردووە كە ناسكە نەخۆشیی دەروونی هەیە و ناتوانێت منداڵەكان پەروەردە بكات.

ژنەكە دەڵێ، ئەو بەڵگانەی ئاراز بە دادگای داوە نادروستن، لە سەرەتای هاوسەرگیریدا بەهۆی ئەو ژیانە ناخۆشەی تێیدا بووە باری دەروونی تێك چووە، بۆیە سەردانی پزیشكی دەروونی كردووە و دەرمانی بەكار هێناوە، بەڵام دوای ساڵێك زۆر باش بووە و هیچ كێشەیەكی نییە.

ماوەی چوار ساڵە ناسكە و ئاراز لە یەكتر جیا بوونەتەوە، لەو ماوەیەدا پێنج جار ناسكە لە دادگا داوای منداڵەكانی كردووەتەوە، بەڵام  ئاراز هەر جارە و بە بەڵگەیەكی یاسایی دروستكراوی داوەتە دادگا، دادگاش دۆسیەكەی لە بەرژەوەندی ئاراز یەكلا كردووەتەوە.

ئەو ژنە ئێستە بە كاری نانكردن و خواردن دروستكردن بۆ خەڵك و كۆمپانیاكان، هەوڵ دەدات داهاتێك كۆ بكاتەوە و شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ژیانێكی ئاسوودە بۆ منداڵەكانی پێكەوە بنێت، ئەو چوار ساڵە وەك خۆی دەڵێت قاچێكی هەر لە دادگایە و ماندوو نەبووە، دووپات لەوەیش دەكاتەوە ئەگەر تا تەمەنی ماوە بەو شێوەیە بژیت، هەر كۆڵ نادات بۆ وەرگرتنەوەی منداڵەكانی.

هەولێر/ئیڤان عەبدوڕەحمان.



وشە - باز ئه‌حمه‌د