بێ شوێنی "ژیان" ناچار دەكات سووكایەتی قبووڵ بكات

:: AM:09:15:10/09/2017 ‌
تەمەنی 30 ساڵە و دوو منداڵی هەیە، بێ شوێن و جێگە و بێ كەسە، بۆیە تەواوی ئەو سووكایەتی و توندوتیژییانە قبووڵ دەكات، كە مێردەكەی و خانەوادەكەی بەرامبەری ئەنجامی دەدەن.

"ژیان" ئەو ژنەیە كە ئێستە تەمەنی 30 ساڵە و لە هەولێر دەژی، ماوەی 22 ساڵ ئەو لە خانەی بێسەرپەرشتان ژیانی بەسەر بردووە و بە بێكەسی گەورە بووە، هەموو ئەوانەی كەسی ئەو بوون كارمەند و منداڵەكانی تری خانەی بێسەرپەرشتان بوون، دوای گەورەبوونی ئەو هاوسەرگیری كرد و ئێستە ئەو لە ماڵی مێردەكەی دەژی و دوو منداڵیشی هەیە، بەڵام وەك خۆی چیرۆكی گوزەرانی بۆ "وشە" دەگێڕێتەوە و دەڵێ، هەمیشە ئاواتی مردن دەخوازم، بەهۆی خراپی و ئەو توندوتیژییانەی مێردم و ئەندامانی تری خێزانەكەی بەرامبەر ئەنجامی دەدەن.

ئەو دەڵێ، كاتێك چاوم بە دنیا هەڵهێنا و هەستم بە ژیان كرد، لەوكاتەوە لە خانەی بێسەرپەرشتانم و هیچ زانیارییم نییە چۆن و بۆچی و كەی و لەبەرچی كەوتوومەتە ئەو شوێنە و كەسوكارم كێن و بۆچی وایان بەسەر مندا هێناوە.

ژیان بۆ "وشە" گوتی، ئەوەندی دواتر زانیومە، دایك و باوكم بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە هەردووكیان مردوون، منیش تا مانگێك دوای مردنیان لە نەخۆشخانە هێڵراومەتەوە، بەڵام هیچ كەس نەهاتووە بەدوامدا و ناچار لە نەخۆشخانە بۆ خانەی بێسەرپەرشتانیان گواستوومەتەوە.

ئاماژەی دا، ئەوانەی بە كەسی خۆمیان دەزانم، ئەو دادانەن كە منیان لە خانەی بێسەرپەرشتان بەخێو كردووە، ڕۆژی سەخت و ناخۆش و پڕ ئازار و بێكەسی زۆرم بەڕێ كرد، هەمیشە خۆم بە كەمتر هەژمار كردووە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی لە دەرەوەی خانەی بێسەرپەرشتان دەژین، ئەو هەستی خۆ بەكەمزانینە لەگەڵم گەشەی كرد و ئێستە نەك هەر خۆم بە بێكەس دەزانم، بەڵكو منداڵەكانیشم وا دەبینم.

ژیان تا 18 ساڵی لە خانەی بێسەرپەرشتان ماوەتەوە و بەپێی ڕێساكانیش دوای 18 ساڵی منداڵانی بێسەرپەرشت لە خانەكە دەردەكرێن، بۆیە ئەو بەهۆی ئەوەی كەسی نەبووە و هیچ هەوڵێكی بۆ دەستەبەركردنی ژیانێكی نوێ نەداوە، ناچار ڕێیان داوە تا تەمەنی 22 ساڵی لە خانەكە بمێنێتەوە و تا ئەوكاتەش لەگەڵ شوفێری یەكێك لەو پاسانەی هاتوچۆی بە منداڵان دەكرد لە خانەكە هاوسەرگیری كردووە.

ئەو دەڵێ، ئەكرەم سەرەتا هەوڵی زۆری دا تا ڕازی بم هاوسەرگیری لەگەڵ بكەم و زۆر بەڵێنی پێ دام، بەڵام ئەوانە تەنیا تەڵەیەك بوون تا ڕازی بم و هاوسەرگیری لەگەڵ ئەنجام بدەم، دوای ئەوە هەموو قسە و بەڵێنەكان بوون بە بڵقی سەرئاو و بە هەوادا ڕۆیشتن.

ژیان دوای ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەكرەم دەكات، بەهۆی ئەوەی باوكی نەخۆشە و خوشكەكانیشی هاوسەرگیرییان كردووە، بۆیە دەبێ خزمەتی باوكیشی بكات، جگەلە ئەركی ماڵ پاككردنەوە و هەموو ئەركەكانی تر كە لەسەر شانی ئەودا بوون، بەڵام وەك خۆی دەڵێ، سەرەڕای زۆری ئەركەكانیش، بەڵام دڵخۆش بووم و كێشەم نەبوو، ئەوەی ویستوویەتی سەیركردنی بووە لەلایەن خێزانەكەی ئەكرەمی هاوسەری بە چاوێكی یەك خێزانی و وەك كچی ماڵەكە، بەڵام هیچ كات ئەوەی بۆ نەكراوە.

ئەو دەڵێ، خەسووم و كچەكانی هەمیشە پێم دەڵێن، تۆ وەك خزمەتكاری، شەوان براكەمان سوارت دەبێ و ئێمەش بە ڕۆژ وەك گوێدرێژ ئیشت پێ دەكەین، بۆیە دەبێ مەمنوون بی و دەست و قاچیشمان ماچ بكەی، ئێمە نەبین تۆ دەكەویتە سەر شەقام، منیش ناچارم بێدەنگ بم و هیچ وەڵامێكیان نادەمەوە، چەندان ساڵە ئەوان دووبارەی دەكەنەوە و سووكایەتیم پێ دەكەن، بەڵام من هیچ ناڵێم، چونكە من بێكەسم و ئەوانیش ڕاست دەكەن.
 
ئەو ژنە چەندان جار لای سەرپەرشتیارانی خانەی بێسەرپەرشتان باسی لە كێشە و گرفتەكانی خۆی كردووە و ئەوانیش چەندان جار بە ئەكرەمی هاوسەریان گوتووە، بەڵام ئەكرەم بە تەواوی لەژێر كاریگەری ماڵەوەیاندایە و هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نایەت.

نزیكەی هەشت ساڵە ژیان هاوسەرگیری لەگەڵ ئەكرەم كردووە و ئێستە دوو كچیان هەیە، بەهۆی ئەوەی كوڕی نەبووە، دایكی ئەكرەم، كچی خوشكی خۆیشی بۆ دێنێت و بە ژیانی گوتووە تۆ ئەو ژنە نیت كوڕت ببێ، بۆیە دەبێ خزمەتی ژنە تازەكەی و ئەكرەم و تەواوی ئەركەكانی پێشووشت بكەیت.

ژیان دەڵێت، دایكی ئەكرەم  تەنیا بۆ ئەوەی ئازاری من بدات، ناچارم دەكات من بچم ژوورەكەیان پاك بكەمەوە و زۆربەی كارەكانی ئەوان من بیكەم، ئەگەر هەرچیش بڵێم بە دایكی و ئەكرەم لێم دەدەن، ئێستە هەر خۆم نا، بە خەسووم و ژنی ئەكرەم ڕێك كەوتوون كە ئازاری كچەكانیشم بدەن.

ئەو دووپات لەوە دەكاتەوە، كە ئەكرەم پیاوێكی هێندە خراپ نییە، بەڵام هەرچی دایكی بیڵێت ئەوە دەكات، ئیتر هەركامیان هەرچی بكەن بۆ ئەو جیاوازی نییە، لە كۆتادا وەك خۆی دەڵێت ئەو لەگەڵ خۆیدا، دوو كچیشی بەدبەخت كردووە.

هەولێر/ئیڤان عەبدوڕەحمان.



وشە - باز ئه‌حمه‌د