دوای كاراكردنەوەی پەرلەمان دەستكاری سیستەمی مووچە دەكرێت

:: PM:07:56:10/09/2017 ‌
ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبوونەوە و لە كۆبوونەوەكەدا سەرەڕای بڕیاری كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان باس لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش كراوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 10ی ئەیلوول، ئاراس حەسۆ میرخان ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان پارتی و یەكێتی سەرباری بڕیاری كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان لە 14ی ئەم مانگە باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كراوە.

زیاتر گوتی، تەوەرێكی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە مووچەی فەرمانبەران و هەردولا ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی دوای كاراكردنەوەی پەرلەمان پێداچوونەوەی بە سیستەمی پاشكەوتدا بكرێت بە ئاراستەی باشتركردنی دۆخی دارایی و مووچەی فەرمانبەران.

ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی دڵنیایی دا كە دوای كاراكردنەوەی پەرلەمان حكوومەت دەستكاری سیستەمی مووچەی فەرمانبەران دەكات.

لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان پارتی و یەكێتی ڕێككەوتن لەسەر چەند خاڵێك كراوە كە خاڵی یەكەم كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانە و بڕیارە سبەی لە ئاستێكی باڵاتر ڕێككەتنەكە واژوو بكرێت.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم