ڕۆژنامه‌یه‌كی عه‌ره‌بی: كۆشكی سپی گڵۆپی سەوزی بۆ سەربەخۆیی كوردستان هەڵكردووه‌

:: AM:10:33:11/09/2017 ‌

كۆشكی سپی ئەمەریكا و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە، بە تەواوی پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستانن و گڵۆپی سەوزیان بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان هەڵكردووە، ڕاوێژكارێكی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكاش دەڵێ، واشنتن هیچ ڕێگر نابێ و لە بەردەم سەربەخۆبوونی كوردستان ناوەستێت.

كۆشكی سپی چەندان جار دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە ڕێز لە گەلی كوردستان و خەباتەكەی لە پێناوی سەربەخۆیی كوردستان و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش بەرز دەنرخێنن. سام یونو ئەندامێكی لیژنەی ڕاوێژكاری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوبارەوە ئاشكرای كرد، كۆشكی سپی لەسەر ڕێی سەربەخۆیی كوردستان ناوەستێتەوە و دەخوازێ ئەم كارە بە ڕێككەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا بێتە دی، هاوكات حكوومەتی ئەمەریكا دەیەوێ ڕۆڵێكی تایبەت بە كوردستان بدات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بۆ چۆنیەتیی ئەو ڕۆڵەی ئەمەریكا لە ناوچەكە بە كوردستانی دەبەخشێ، چەندان جار پرسیار لە حكوومەتی ئەمەریكا كراوە، بەڵام ئەوان هیچ زانیارییەكی نوێیان نەدركاندووە و نایانەوێ بە ڕاگەیاندنی ڕاستی و ئامانجە بنەڕەتییەكانیان هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە بتۆرێنن و تووڕەیان بكەن، بە تایبەت حكوومەتی ناوەندی عێراق و توركیا.

تەواوی ناوەندەكانی شرۆڤەكردن و لێكۆڵینەوە لە وڵاتانی دنیا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە ئەمەریكا و كۆشكی سپی بە تایبەتی گڵۆپی سەوزیان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان هەڵكردووە، دواتریش ئەمەریكا دەستوەردان لە پرۆسەكە دەكات، نەك بۆ ڕاگرتنی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان، بەڵكو بۆ گفتوگۆ و دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا تا لەسەر كەركووك و ناوچە سنوورییەكانی هەردوولا بگەنە ڕێككەوتن، ئاماژەی تەواویش هەیە كە ئەمەریكا و وڵاتانی دنیا دان بە ئەنجامی ڕیفراندۆمی كوردستان دەنێن.

ئەوان بیانووی بێدەنگی و بە ڕاشكاوی پشتیوانی نەكردنی ڕیفراندۆمی كوردستان، ئێستە بەوە دەهێننەوە كە ئەمەریكا لە هەر پرسێك بۆچوونەكانی شەرمنانە و یەكلاكەرەوە نەبێ، خۆی بەشێكە لە پرسەكە و پشتیوانیەتیی، ئەمەیش لە پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بە ڕوونی دەردەكەوێت.




وشە - باز ئه‌حمه‌د