ماوه‌ى دوو مانگ تیمێكى رووپێوى سه‌ربه زانكۆى "ئاده‌م میسكتڤیچ"ی پۆڵه‌ندى به هاوكارى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى شوێنه‌وارى هه‌ولێر، له ده‌شتى هه‌ریر سه‌رقاڵى كارى رووپێوى بوون بۆ دۆزینه‌وه و تۆماركردنه‌وه‌ى ناوچه شوێنه‌وارییه‌كان.
ئه‌نجامه‌كانى ئه‌م كاره هاوبه‌شه دۆزینه‌وه‌ى 71 ناوچه‌ى شوێنه‌واریى نوێ و دۆزینه‌وه‌ى كۆمه‌ڵێك پارچه گڵینه و دراو و گۆزه و دروستكردنى نه‌خشه‌ى شوێنه‌وارى نوێى ناوچه‌كه بوو، هه‌موو ئه‌وانه له‌ڕووى شوێنه‌وارییه‌وه پێگه‌یه‌ك بۆ هه‌ریر مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن.
پڕۆفیسۆر رافائل كولنسكى سه‌رۆكى تیمه پۆڵه‌ندییه‌كه به"وشه"ى راگه‌یاند، "گرنگى ناوچه‌كانى كوردستان بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندبوونیان له‌ڕووى شوێنه‌وارییه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆیه ئێمه ساڵانه به خۆشحاڵییه‌وه روو ده‌كه‌ینه كوردستان بۆ ئه‌نجامدانى چالاكى شوێنه‌وارى له بواره جیاوازه‌كاندا".
ئه‌و باس له ئه‌نجامه‌كانى ئه‌م كاره هاوبه‌شه ده‌كات و ده‌ڵێ، "دۆزینه‌وه‌ى چه‌ند سایتێكى شوێنه‌وارى وه‌ك گردى خرابه له گوندى قادیانا كه هه‌ندێك پارچه شوێنه‌وارى وه‌ك پارچه گۆزه و ئامرازى به‌ردینى تێدا دۆزراوه‌ته‌وه، به یه‌كێك له گرنگترین ده‌ستكه‌وته‌كانى ئێمه داده‌نرێت كه له‌و چوارچێوه‌یه‌دا توانراوه چه‌ند سه‌رده‌مێكى مێژوویى گرنگ تۆمار بكرێت".
ده‌شتى هه‌ریر له سیساوه تا زێى بادینان ده‌گرێته‌وه، له چه‌ند شار و شارۆكه و گوند پێك هاتووه كه به پێى ئه‌نجامى ئه‌م كاره رووپێوییه‌ى ئێسته بۆى كراوه، یه‌كێك له گرنگترین ناوچه شوێنه‌وارییه‌كانى كوردستان پێك دێنێت.
رێبوار جه‌لال نوێنه‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى شوێنه‌وارى هه‌ولێر كه له‌گه‌ڵ تیمى زانكۆى ئاده‌م میسكتڤیچ كارى رووپێویى ئه‌نجام داوه، باس له دۆزینه‌وه‌ى كۆمه‌ڵێك پارچه گڵینه و گوزه و چه‌ندان دراوى سه‌رده‌مه جیاوازه‌كان ده‌كات.
ئه‌و بۆ "وشه" ئاشكرای كرد، "زۆربه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ى به مه‌به‌ستى رووپێوى سه‌ردانمان كردوون، وه‌ك زه‌ویى كشتو‌كاڵى به‌كار هێنراون و به‌هۆى كێڵانه‌وه پارچه شوێنه‌وارییه‌كان هاتوونه‌ته سه‌ر رووى زه‌وى و زۆر به ئاسانى ده‌بینرێن، به‌مه‌ش ده‌توانرێت به ئاسانى سه‌رده‌مى مێژووى ناوچه‌كه دیارى بكرێت".
به گوته‌ى پڕۆفیسۆر كولنسكى هه‌ڵگرتن و كۆكردنه‌وه‌ى پارچه شوێنه‌وارییه‌كانى كه‌وتووى سه‌ر زه‌وى، یه‌كێك له قۆناغه‌كانى كارى رووپێوییه كه ئه‌وان هاوكات له‌گه‌ڵ كاره‌كه‌یان، پێى هه‌ستاون تا له داهاتوودا لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و پارچانه بكرێت.
دروستكردنى نه‌خشه‌ى شوێنه‌وارى و تۆماركردنى سایته شوێنه‌وارییه‌كان به GPS یه‌كێك له ئه‌نجامه گرنگه‌كانى كارى رووپێوى له ده‌شتى هه‌ریر بوو كه له داهاتوودا ده‌توانرێت خزمه‌تێكى زۆرى بوارى هه‌ڵكۆڵین له‌م ناوچه‌یه‌دا بكات.
كاروان عه‌بدوڕه‌حمان محه‌مه‌ده‌مین كه وه‌ك نوێنه‌رێكی تر‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى شوێنه‌وارى هه‌ولێر به‌شدارى له كارى رووپێوى ده‌شتى هه‌ریر كردووه بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "ئێمه گرووپێكى 12 كه‌سى بووین كه هه‌وڵمان ده‌دا پاش دۆزینه‌وه‌ى هه‌ر سایتێك، شوێنه‌كه‌ى له‌سه‌ر نه‌خشه دیارى بكه‌ین و له ناو GPS تۆمارى بكه‌ین".
ئه‌و باس له دروستكردنى نه‌خشه‌ى شوێنه‌وارى ده‌شتى هه‌ریر ده‌كات و روونی ده‌كاته‌وه، "به هاوكارى تیمه بیانییه‌كان، نه‌خشه‌ى شوێنه شوێنه‌وارییه‌كان دروست ده‌كرێ تا بدرێته لایه‌نه پێوه‌نیداره‌كانى پلاندانان و پیشه‌سازى و رێگه‌وبان و هتد، بۆ ئه‌وه‌ى له پڕۆژه‌كانیان شوێنه شوێنه‌وارییه‌كان بپارێزن".
یه‌كه‌م و دوایین كارى رووپێوى بۆ ده‌شتى هه‌ریر له ساڵى 1936 له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقى ئه‌نجام دراوه.
هه‌ولێر/ سارا سه‌ردار