مووچەی ئەم شوێنانە دابەش دەكرێت

:: PM:09:13:11/09/2017 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێك ئاشكرای كرد، ڕۆژی سێشەم دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی تەمووز/یۆلیۆی ئەمساڵی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواكان دەكرێت.

راگەیەنراوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان وێنەیەكی بۆ "وشە" نێردراوە و تێیدا هاتووە، رۆژی سێشەم ڕێكەوتی 12ی ئەیلوول/سێپتێمبەری 2017 دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی حەوتی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواكان دەكرێت.

هاوكات بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كە لەسەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی كەوتووە، تا هەفتەی داهاتوو خشتەیەكی فرەوانی دابەشكردنی مووچە بڵاو دەكرێتەوە.

بەگوێرەی قسەكانی ئەو سەرچاوەیە تا كۆتای ئەم مانگە تەواوی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان مووچە وەردەگرن و پارەی تەواوی دابەشكردنی مووچە ئامادەیە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە دوێنی ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاندبوو، لە كۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی بڕیار دراوە كە دوای كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان دەستكاری مووچەی فەرمانبەران بكرێت بە ئاراستەی باشتكردنی دۆخی ئابووری هاووڵاتییان.
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم