چیرۆكی تاڤگە و محەمەد ئاڵۆزییەكانی ئەودیوی شاشەكان دەردەخات

:: PM:10:32:11/09/2017 ‌
كچێك لە شارۆكەی سۆران لە ڕێگەی فەیسبووكەوە كوڕێك دەناسێت دوای چەند مانگێك لە پێوەندیان لە ڕێگەی فەیسبووكەوە بڕیاردەدەن هاوسەرگیری بكەن، بەڵام بەهۆی نەخۆشییەكی كچەكەوە كە لە دەزگیرانەكەی شاردووەتەوە تەڵاق دەدرێت.

تاڤگە كچێكی تەمەن ٢٥ ساڵە ماوەی دوو مانگە لە دەستگیرانەكەی بە ناوی محەمەد جیابووەتەوە، ئەو دەستگیرانەكەی لە ڕێگەی فیسبووكەوە ناسیوە، بەڵام دوای ئەوەی پێوەندیی خۆشەویستی لە نێوانیاندا دروست دەبێت ئیتر بە زۆری ئەو كچە هاوسەرگیری دەكەن، بەڵام هێندە ناخایەنێت جیا دەبنەوە.
 
محەمەد دەڵێت، لەبەر ئەوە جیابوونەتەوە, كە بیركردنەوەیان لەیەكتری دوورە، تاڤگەش ڕەتی دەكاتەوە و دەڵێت، لەبەر ئەوەی نەخۆش بووم, نەیوویستم.

چیرۆكەكە لێرەوە دەست پێ دەكات، "من لە یەكێك لە و پەیجانەی محەمەد ئەدمینی بوو زۆر كۆمێنتم دەنووسی و لەسەر زۆر لە بڵاوكراوەكانی نامەم بۆ دەنارد، ئەوەیش وای كرد زۆر لە یەك نزیكبووینەوە تا دواتر بووین بە هاوڕێ و لە هاوڕێیەتیش بۆ خۆشەویستی، دواتریش لە خۆشەویستی بۆ هاوسەرگیریەكی نیمچە بەزۆر" تاڤگە وای گوت.

تاڤگە و محەمەد، ڕۆژ لە دوای رۆژ پێوەندییەكەیان گەورەتر دەبێت، تا دەگاتە ئەو ڕادەیەی ماڵی تاڤگە بە پێوەندیەكە دەزانن، لە ژێر پاڵپەستۆی خێزانی تاڤگەدا هاوسەرگیری دەكەن، بەڵام هەر لە ماوەی دەستگیران داریدا لەیەكتری جیا دەبنەوە.

تاڤگە نایشارێتەوە كە نەخۆشی "پەركەمی" هەیە لە منداڵییەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو كوڕەی خۆشی ویستوە و نەیویستوە لە دەستی بدات پێی نەگوتووە.

 ڕوونی كردەوە كە دوای ئەوەی مارە دەكرێت و كێشەی زۆر دەكەوێتە نیوانیان و چەند جارێك لە بەرچاوی دەستگیرانەكەیدا ئەو حاڵەتە ڕوودەدات و دەیبەن بۆ نەخۆشخانە ئیتر هەموو شتێك ئاشكرا دەبێت و محەمەدی دەستگیرانی پێی دەزانێت كە ئەو نەخۆشیەی هەیە.

محەمەد دوو مانگە لە دەستگیرانەكەی جیابووەتەوە، بۆ "وشە" باسی هۆكاری جیابوونەوەكەی دەكات و دەڵێت، من لە ڕێگەی فێسبووك ناسیم هەمیشە دوو دڵ بووم، چونكە كەسایەتی پشت شاشەكان زۆر جیاوازە لە بەرەو ڕوو، من چەند جار بە تاڤگەم دەگوت: با زیاتر یەكتر بناسین و وەك هاوڕی لە یەك نزیك بین، بەڵام ئەو پێچەوانەی ئەوەی كرد.

زیاتر دەڵیت، تاڤگە بۆئەوەی من بچمە داوای بە ئەنقەست لەماڵەوە پێوەندی ئێمەی ئاشكرا كرد، دوای ئەوەی مارەم كرد و زیاتر لە یەك نزیك بووین ئیتر كێشەكان دەستیان پێ كرد، ڕووی ڕاستەقینەی هەردووكمان دەركەوت و ئاڵۆزییەكان سادەیی ئەو دیوی شاشەكانیان تێك شكاند.

مەحەمەد نای شارێتەوە كە دوای مارەكردن، هەموو شێوەكی كەسایەتی یەكتریان بۆ دەركەوتووە جگە لەوەی نەخۆشی هەبووە و لێی شاردووەتەوە، هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە كە نێوانی مەحەمەد و دایكی تیك بدات و زۆری لێ كردووە ماڵی بۆ لە هەولێر دابنێت و بە هیچ شیوەیەك لەگەڵ ماڵی دایكیشی هیچ پێوەندیكی نەمینێت.

تاڤگە قسەكانی محەمەد ڕەت دەكاتەوە و دەڵیت، هێچ كێشەیەكم لەگەڵ دایكی و مالێ ئەواندا نەبووە، تەنیا دایكی منی خۆش نەدەویست منیش پێم گوتووە بۆ ئەوەی لەگەڵ دایكتدا كێشەمان بۆ دروست نەبێت با ماڵمان جیا بێت و لە هەولێر هەردووكمان هەم كار دەدۆزینەوە و هەم ماڵیش لە وێ دادەنێن و لەوێ دەژین، بەڵام ئەو دایكی هەڵبژارد و لەیەكتری جیابووینەوە.

ئێستا تاڤگە و مەحەمەد هەریەكیان لە ماڵی خۆیان دەژین و تاڤگە دەڵیت، گەورەترین هەڵەی ژیانی كردووە كە كوڕێكی بەو ڕێگەیە ناسیوە و هاوسەرگیری لەگەڵ كردووە بۆیە دەڵێت دەرسی لێوەرگرتووە و دووبارەی ناكاتەوە.
 مەحەمەد دەڵێت، ئەو جۆرەی كچان خۆیان دەردەخەن هەرگیز وانین لە ناخیاندا هەزار جۆری شاراوە خۆی حەشار داوە، بۆیە بۆ ناسین و ئاشنابوون بەو كەسەی كە دەیكەیت بە خاتوونی ماڵت بەڕای مەحەمەد دەبێت بە گەورەتر لەوە بیری لیبكەیتەوە و بیناسی, كە لەو دیو شاشەیەكەوە خۆی دەناسێنیت.

هەولێر/ ئیڤان عەبدولڕەحمان



وشە - سه‌رخێڵ هاشم