هه‌موومان "كچه شقارتهفرۆشهكه" یه‌كێك بووه له یادگارییه جوانه‌كانی منداڵیمان، به هیوا بووین منداڵێكی میهره‌بانی له‌و شێوه‌یه به ڕاستی ببینین، ئه‌و خه‌ونه‌شمان له هه‌ولێر هاته دی.
دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر "زۆریا" ی هه‌شت ساڵان، له یه‌كێك له لادێكانی نزیك شاری هه‌ولێر له‌لایه‌ن "سامان میسوری" 22 ساڵ وێنه‌ی ده‌گیرێت، ئه‌م وێنه‌یه‌ش له ماوه‌یه‌كی كورتدا ته‌واوی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و به‌تایبه‌ت تویته‌ر ده‌هه‌ژێنێت، چه‌ندان جار وێنه‌كه‌ی بڵاو ده‌كرێته‌وه.
زۆریا له یه‌كێك له گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری شاری هه‌ولێر ده‌ژی، له‌سه‌ر شه‌قامی سه‌ره‌كیی ئه‌و گونده ده‌وه‌ستێت، هه‌نجیر و میوه‌ی خۆماڵی به گه‌شتیارانی ئه‌و شه‌قامه ده‌فرۆشێت، كاتێك سامان به‌و ناوه‌دا تێده‌په‌ڕێت، داوای لێ ده‌كات بوه‌ستێت تا وێنه‌یه‌كی بگرێت، له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاوی ده‌كاته‌وه.
ئه‌وه‌ی بووه‌ته جێی سه‌رنجی بینه‌رانیش، دیمه‌نی پاكیزه‌یی و ئیشكردنی منداڵێكی وا بچووكه، جگه له‌وه‌ی چاوه جوانه‌كانی سه‌رنجی هه‌موو بینه‌رانی له یه‌كه‌م بینینه‌وه بۆ لای خۆی ڕاكێشاوه.
ئه‌م وێنه‌یه له ماوه‌ی دوو ڕۆژدا 45 هه‌زار جار بڵاو كراوه‌ته‌وه، له لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی سامان شه‌ش هه‌زار لایك و 10 هه‌زار كۆمێنتی تا ئێسته بۆ هاتووه، له‌ناو كۆمێنتهكانیشدا چه‌ندان هونه‌رمه‌ند و كه‌سی سیاسی ناوداری بێگانه و كوردی تێدا بووه.