كچێك بەهۆی سووتانەوە گیانی لەدەست دا

:: PM:06:18:12/09/2017 ‌

درەنگانی شەوی رابردوو بەهۆكارێكی نادیار كچێكی 18 ساڵان لە شارۆكەی سۆران سووتا و بەهۆی زۆری رێژەی سووتانەوە ئەمڕۆ سێشەم گیانی لە دەست دا.

شێروان خالید گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی توندوتیژی ئافرەتانی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، سەعات 10ی شەوی رابردوو لەلایەن نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سۆرانەوە ئاگەدار كراینەوە لە هەبوونی رووداوێكی سووتانی كچێك بە ناوی "ف  ف م"ی تەمەن 18 ساڵان كە كچی ماڵەوەیە و رێژەی سووتانی 90% بووە.

زیاتر گوتی، كە بەهۆی زۆری رێژەی سووتانی جەستەی رەوانەی نەخۆشخانەی رۆژئاوای شاری هەولێر كراوە و ئەمڕۆ سێشەم گیانی لەدەست دا.

بەهۆی زۆری رێژەی سووتانی، پۆلیس نەیتوانیوە گوتەی وەربگرێت، بۆیە هۆكاری سەرەكیی سووتانەكەی تا ئێستە نادیارە، بەڵام بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دەركەوتووە كە رووداوەكە بەهۆی نەوتەوە بووە، پەڕاوی لێكۆڵینەوەش بۆ رووداوەكە كراوەتەوە و رەوانەی دادوەری لێكۆڵینەوەی سۆران كراوە، گوتەبێژی پۆلیسی توندوتیژی ئافرەتانی سۆران وای گوت.

روونی كردەوە، لە ماوەیەكی نزیكدا گوتەی داواكاران وەردەگرین، تا بزانین هۆكاری سووتانەكە چی بووە ئاخۆ رووداوێكی ئاسایی بووە یان خۆی سووتاندوە و كێشەی هەبووە.

بەپێی ئەو زانییاریانەی دەست "وشە" كەوتوون جیا لەم رووداوە، شەوی رابردوو ئافرەتێكیتر لە سنووری شارۆكەی رواندز سووتاوە و لە نەخۆشخانە خەوێنراوە.

لەبارەی خۆسووتاندنی ئافرەتان، كەلسووم گەزنەیی توێژەری كۆمەڵایەتی لە سۆران بە "وشە "ی گوت، خۆسووتاندن و خۆكوشتن دیاردەییەكی كۆمەڵایەتییە و بە پێی كات و سەردەم رێژەكەی دەگۆڕدریت، بەداخەوە ئێستە دۆخی ژنان و كچان خوێناوی بووە، ناكرێت قسە و هەڵوێست و باسی لەسەر نەبێت و دۆخەكە گەیشتووەتە ئاستێكی زۆر مەترسیدار، ئەمەش كۆمەڵێك پاڵنەری خۆی هەیە و پاڵنەری سەركی داب و نەریت و كولتووری دواكەوتووی كۆمەڵگەیە، هەروەها بەهەموو پێوەرەكانی زانستی كۆمەڵناسی، شاری سۆران شارێكی داخراوە، ئەوەش دۆخی كۆمەڵایەتی ژنان و كچان زیاتر دەخاتە ژێر هەڕەشەوە.

گەزنەیی زیاتر گوتی، داخراوی كۆمەڵگە و كرانەوەی كوردستان بە خێرایی بە رووی جیهان و لاوازیی ئاستی هۆشیاری تاك، هەروەها بەكارهێنانی ماڵپەرە سێكسییەكان بەبێ سانسۆر و سۆشیالمیدیا، ژیانی كۆمەڵایەتی ئالۆزتر كرد و سەقامیگری كۆمەڵایەتی وەستاندوە، جگە لەو هۆكارانە ئەو دۆخە ئابوورییەی ئێستەی كوردستان كێشە و گرفتی خێزانی زیاتر كردووە و بنیاتی خێزانی بەرەو ئیفلجبوون بردوە.

لە ساڵی 2015 تەنیا پانزە حاڵەتی سووتان و خۆسووتان لە سۆران هەبووە، هاوكات لە ساڵی رابردوودا  31 حاڵەتی سووتان تۆمارە كراوە، تەنیا لە هەشت مانگی رابردووی 2017 لە شارۆكەی سۆران و دەورووبەری،  26 حاڵەتی سووتان و خۆسووتاندنی ئافرەتان روویان داوە.

شارۆكەی سۆران لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگەی هەولێرە، بە دووری 110 كم لە باكوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵ كەوتووە، زیاتر لە 200 هەزار كەس لەو شارۆكەیەدا نیشتەجێیە.

سۆران/ موڕشید برادۆستی 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل