بەرشەلۆنە سەری ساڵ رێككەوتن لەگەڵ چاڤییەكەی ئەفریقیا دەكاتەوە

:: AM:10:21:13/09/2017 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بڕیاریداوە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا دووبارە هەوڵ بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ جان میشێل سێری یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی كۆتدیڤواری و یانەی نیسی فڕەنسی بداتەوە دوای ئەوەی مانگی رابردوو نەیتوانیبوو گرێبەستی لەگەڵ بكات.

یانەی بەرشەلۆنە مانگی رابردوو لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا هەوڵی گرێبەستكردنی لەگەڵ سێری دابوو و تەنانەت بەشێوەی سەرەتایش لەگەڵ یاریزانەكە رێككەوتبوو، بەڵام نەیتوانیبوو بەیەكجاری لەگەڵ یانەی نیس رێك بكەوێ.

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: یانەی بەرشەلۆنە بڕیاریداوە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا دووبارە هەوڵ بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەو یاریزانە تەمەن 26 ساڵییە بداتەوە كە بە چاڤی هێرناندیزی ئەفریقیا ناسراوە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا كە چاوەڕوان دەكرێ رێككەوتنی نێوان یانەی بەرشەلۆنە و نیس لەسەر سێری هەمان نرخەكەی مانگی رابردوو بێت كە 40 ملیۆن یۆرۆیە.

جێی باسە سێری دوای راوەستانی رێككەوتنەكان نێوان بەرشەلۆنە و نیس، رایگەیاندبوو كە زۆر دڵگرانە نەیتوانیوە یەكێك لە خەونە گەورەكانی بهێنێتە دی ئەویش یاریكردنە لە ریزی باشترین یانەی جیهان ئەویش یانەی بەرشەلۆنەیە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م