كۆگەیەكی كەلوپەلی كارەبایی لە هەولێر سووتا

:: AM:11:34:13/09/2017 ‌

بەرەبەیانی ئەمڕۆ كۆگەیەكی كەلوپەلی كارەبایی لە شاری هەولێر، ئاگری گرت و تا سەعات نۆ ئاگرەكەی بەردەوامی هەبوو دواتر كۆنترۆڵ كرا، پێ دەچێت زیانی یەك ملیۆن دۆلاری هەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، شێخ كافی عەبدولقادر ئەفسەری ئاگركوژێنەوە لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگرێك لە دووكانێكی سەر ڕێی كەسنەزان بەهۆی شۆرتی كارەبا دروست دەبێت و دواتر بۆ ناو كۆگەی كارەبایی دەگوازرێتەوە و سەرجەم كەلوپەلەكانی ناوی دەسووتێت.

ئەو ئەفسەرەی ئاگر كوژێنەوەی هەولێر دەڵێت، بەهۆی زۆری ئاگرەكە نەتوانرا بەزوویی ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت و بەشی زۆریش مادەی لاستیكی بووە كە بۆ ئاگرگرتن زۆر خێرایە.

ئەو زیانانەش كە لە ئاگرەكە هەبووە، شێخ كافی دەڵێت، هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، ئەوەی هەیە زیانی مادییە بەگوێرەی گوتەی خاوەنی كۆگەكە بایی ملیۆنێك دۆلار كەلوپەلی تیا بووە.

بەشی زۆری ئەو ئاگرانەی لە هەرێمی كوردستان دەكەوێتەوە بەهۆی شۆرتی كارەبا و كەمتەرخەمی لە بنیاتی كۆگەكانەوە دەبێت و لە ماوەی ڕابردووشدا دوو كۆگە سووتان بەهەمان شێوە.



وشە - رامیار جەواد