ئەمەریكا بە چەك وەڵامی سوپای پاسداران دەداتەوە

:: PM:12:35:13/09/2017 ‌

 

بەشێك لە بەرپرسانی سیاسی و تەناهیی ئەمەریكا لە پڕۆژەیەكدا دەیانەوێت گوشاری زیاتر بخەنە سەر ئێران و بەگوێرەی پڕۆژەكە، ئەگەر كەشتییەكانی ئەمەریكا لە كەنداو هەستیان بە هەر مەترسییەك لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێران كرد، ئەوا بۆیان هەیە بەرامبەر ئەو مەترسییە بوەستنەوە و تەقە بكەن.

 

جێم ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمەریكا، رێكس تێلەرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، مەك مستەر ئاسایشی نەتەوەیی و دوو بەرپرسی باڵای تری ئەمەریكا پڕۆژەكەیان ئامادە كردووە و هەینی رابردوو لە دانیشتنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا پێشكەش بە سەرۆكی ئەو وڵاتە كرا.

 

 

بەگوێرەی دۆیچەوێلی، شەش بەرپرسی باڵای حكوومەتی ئەمەریكا كە نەیانویستووە ناویان ئاشكرا بكرێت، ئەو هەواڵەیان بە رۆیتەرز داوە و دوو لەوانە گوتوویانە ئەو پڕۆژەیە بە ئەگەرێكی زۆر پەسند دەكرێت و بەر لە كۆتاهاتنی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ وردەكارییەكانی بڵاو دەكرێتەوە. دەگوترێت ژمارەیەك لە راوێژكارانی كۆشكی سپیش لەم كۆبوونەوەیەدا بەشدارییان كردووە.

 

تا ئێستە كۆشكی سپی باسی ئەو كۆبوونەوەیەی بۆ میدیاكان نەكردووە. لە راستیدا پڕۆژەكە بەمەبەستی سنوورداركردنی بەرنامەی مووشەكی بالیستیكی و پچڕاندنی پێوەندییەكانی تاران لەگەڵ میلیشیاكان و گرووپە تیرۆریستییەكان و گوشارخستنی زیاتر بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

 

هەروەها باس لەوە كراوە لە پڕۆژەكە مافی ئەوە بە سوپای ئەمەریكا دراوە تەقە لە هەر هێزێك بكات كە بیەوێت كێشەیان بۆ بنێتەوە. لە چەند ساڵی رابردوودا زۆر جار بەلەمەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لە كەنداو بە نزیك كەشتییەكانی ئەمەریكادا تێپەڕیون و سنوورەكانی تەناهیی ئەمەریكایان بەزاندووە و هەموو جارێكیش ئەمەریكا بە فەرمی هۆشداری بە ئێران داوە خۆی لەو جۆرە گەمانە دوور بخاتەوە.

 

ئەوان پڕۆژەكەیان بە ستراتیجییەكی دەرەكی لەبارەی چالاكییە مەترسیدارەكانی ئێران هەژمار كردووە و ئێران دەیەوێت لە رووی تەناهی، سەربازی و دارایی لە عێراق و سووریا و یەمەن و چەندان شوێنی تر هەنگاوی نەشیاو دژی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا بنێت و ئەم پڕۆژەیەش وا دەكات پێش بەو هەنگاوانەی ئێران بگیرێت.

 

هەر بە پێی پڕۆژەكە ئەمەریكا دژی هەموو ئەو جووڵە و چالاكییانە دەوەستێتەوە كە لە پێوەندی لەگەڵ پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەكی ئێران بەڕێوە دەچێت. هەروەها ماف بە كەشتییەكانی ئەمەریكا دەدرێت رێگری لەو كەشتییانە بكەن كە چەك و پێداویستی تر لە ئێرانەوە بۆ حووسییەكانی یەمەن، بیابانی سینای میسر، فەلەستینییەكانی غەزە بگوازنەوە، لە بەحرێنیش رێ بە ئەمەریكا دەدات بەرامبەر بە ئێران دژكردەوەی توندتر بنوێنێت.

 

یەكەمایەتیی چالاكییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا داعشە و لەو پڕۆژەیەدا بە هیچ شێوەیەك ئاماژە بەوە نەكراوە بەرامبەر بە هیزەكانی ئێرانی بوەستێت. وەزیری بەرگری، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا و سەرۆكی ئەركانی ناوەندی هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا، دژی ئەوەن هێزەكانی ئەمەریكا لە ئێران و سووریا ئاستی رووبەڕووبوونەوەیان بەرامبەر بە حزبوڵا و میلیشیاكانی سەر بە ئێران توندتر بكەن و دەبێت ئامانجی سەرەكییان لەم قۆناخەدا لەناوبردنی داعش بێت.

 

یەكێكی تر لە بەرپرسە باڵاكانی ئەمەریكا كە لە نووسینی ئەو پڕۆژەیەدا بەشداری كردووە دەڵێت، مەبەستی سەرەكیی ئێمە لە دروستكردنی ئەم پڕۆژەیە، ئەوەیە رێگری لەوە بكەن ترەمپ رێككەوتنی ناوكیی لەگەڵ ئێراندا هەڵبوەشێنێتەوە، كەچی هێشتا ترەمپ پێی وایە دەبێت بە سەختی دژی ئێران بوەستن.

 

بە گوتەی بەرپرسەكە، زۆربەی ئەو پڕۆژانەی تا ئێستە پەسند كراون، بۆ ئەوە بووە رێككەوتنی ناوكیی هەڵنەوەشێتەوە، بەڵام ئەم رێككەوتنە نوێیە لە هەموویان زیاتر هەوڵی پاراستنی رێككەوتنی ناوكیی دەدات.

 

رێككەوتنی ناوكیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی پێنج كۆ یەك لە سەردەمی دەسەڵاتی باراك ئۆباما پەسند كرا و سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا رێككەوتنەكەی بە رێككەوتنێكی گرنگ بۆ بەرگرتن بە چالاكییە ناوكییەكانی ئێران هەژمار كرد، بەڵام دۆناڵد ترەمپ هەر لە سەردەمی بانگەشەكانی هەڵبژاردنی دژی رێككەوتنەكە وەستا و گوتی، دوای ئەوەی دەبێت بە سەرۆكی ئەمەریكا، یەكێك لە گرنگترین هەنگاوەكانی ئەوە دەبێت رێككەوتنەكە هەڵبوەشێنێتەوە.

 

لەو كاتەوە ترەمپ بووەتە سەرۆكی ئەمەریكا، هەڵوێستی ترەمپ نەرمتر بووە و تیمەكەی لە چوارچێوەی پڕۆژەی تر وسیتوویانە كارێك بكەن ئێران لە چالاكییەكانی سنووردارتر بكەن و پێویست بەوە نەكات رێككەوتنەكە هەڵبوەشێتەوە.

 

ئەمەریكا ترسی لەوە هەیە ئێران بە هێمنی و بە نهێنی هەوڵی لەم شێوەیە بدات و لاچوونی سزا ئابوورییەكانیش لەسەری ببێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی ئێران لە ناوچەكە چ لەڕووی تەناهی و چ لە رووی سەربازی، ئەسپی خۆی زیاتر تاو بدات و بەرامبەر بە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا بوەستێت.

 


 

 



وشە - سلێمان تاشان