كۆمسیۆنی ئەوروپا: رێز لە بەریتانییەكان بۆ جیابوونەوە دەگرین

:: PM:04:14:13/09/2017 ‌

بەرپرسێكی باڵای یەكێتیی ئەوروپا لەبارەی كۆمەڵێك پرسی پێوەندیدار بە بنەماكانی دیموكراسی ئەوروپا و شانازییەكانی رابردووی ئەو یەكێتییە بۆ یەكسانی و دادپەروەری، قسەی كرد و جیابوونەوەی بەریتانییەكانی بە شتێكی ئاسایی و مافی خۆیان هەژمار كرد و لە پرسی توركیاشدا داوای لە رەجەب تەیب ئەردۆغان كرد بە زمانێكی خراپ قسە بە ئەوروپا نەڵێت و واز لەو جۆرە لێدوانانە بهێنێت.

ژان كلۆد یووكەر بۆ جاری سێیەم لە پێگەی سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا، وتاری ساڵانەی خۆی لە بەرامبەر نوێنەرانی پەرلەمانی یەكێتیی ئەوروپا پێشكەش كرد و وێڕای بەرزنرخاندنی دەستكەوتە ئابوورییەكانی ئەوروپا لە ساڵی رابردوودا، راشكاوانەتر بەرامبەر بە توركیا قسەی كرد و گوتی، بە ئەندام وەرگرتنی توركیا لە یەكێتیی ئەوروپا ئێستە ئەستەمە.

ئەو روونی كردەوە كە توركیا بە تەواوی لە یەكێتیی ئەوروپا دوور كەوتووەتەوە و لەو وڵاتە چوارچێوەیەكی بەرتەسك بۆ ئازادییەكان دانراوە و دیموكراسی و سەروەری یاسا كەوتووەتە ژێر پرسیارەوە و لەو دۆخەدا ئەستەمە توركیا لە یەكێتیی ئەوروپا بە ئەندام وەربگیرێت.

توركیا لە چەند مانگی رابردوودا بە تەواوی لە یەكێتیی ئەوروپا دوور كەوتووەتەوە و سەرجەم بنەماكانی دیموكراسی پێشێل كردووە، بۆیە سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا داوای لە توركیا كرد تا هەموو ئەو پەیامنێر و رۆژنامەنووسە ئەورووپییانە ئازاد بكات كە توركیا دەستبەسەری كردوون و كۆتاییش بەو تۆمەتانە بهێنێت كە دەیخاتە پاڵ سەرۆك و سیاسەتمەدارانی ئەوروپا و بە فاشیست و نازییان لە قەڵەم دەدات، ناكرێت بەم زمانە باس لە رێبەرانی ئەوروپا بكرێت.

لە چەند مانگی رابردوودا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بە خراپی قسەی لەسەر رێبەرانی ئەوروپا بەتایبەتی ئەڵمانیا و هۆڵەندا كردووە و ئەوانی بە فاشیست و نازی هەژمار كردووە.

سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا پێداگری لە ئازادی  و یەكسانی و سەروەری یاسا دەكات و دەڵێت، پێویستە ئەو بەهایانە بەردەوام وەك خۆیان بمێننەوە و تەنانەت پەرەیان پێ بدرێت و ریشەییتر بكرێن، چونكە ئاشكرایە ئەوروپا بۆ دابینكردنی ئاشتی و چەسپاندنی ژیانێكی سەربەزرانەی كۆمەڵایەتی چی كردووە.

بە گوێرەی یورونیوز هەنگاوەكان بۆ بنبڕكردنی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی بە بۆچوونی ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەوروپا، كاریگەرییەكی ئەوتۆی نەبووە، بۆیەش ئەو پێویستییە هاتووەتە كایەوە تا سەرجەم وڵاتانی ئەوروپا بە یەكەوە ژوورێكی عەمەلیات و هەواڵگری دامەزرێنن تا لە دزەكردنی هەر تیرۆریستێك بۆ ئەوروپا رێگری بكەن.

پرسی جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەكێتییەكەش یەكێكی تر بوو لەو پرسانەی كە سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا قسەی لەسەر كرد و گوتی، پێویستە رێز لە رای بەریتانییەكان بگیرێت، ئەگەرچی خەڵكی بەریتانیا لەو جیابوونەوەیە پەشیمان دەبنەوە.

لە پرسی بەدەسەڵات گەیشتنی هەندێك حزبی توندڕەو لە هەڵبژاردنەكانی وڵاتانی ئەوروپا داوا كرا لە كاتی هەڵبژاردن پاڵپشتی دارایی ئەو جۆرە حزبانە نەكرێت، چونكە لەگەڵ بەهاكانی یەكێتیی ئەوروپا ناگونجێن.

"لە ئەوروپا یەكسانی و دادپەروەی بۆ هەموو كەسێك هەیە و نابێت لە ئەوروپا هاووڵاتیی پلە دوو یان بەكاربەر و كڕیاری پلە دوو هەبێت و ناكرێت بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا بەرهەمی بە كوالێتی نزمتر بێتە ناردن، بەڵكو بەرهەمی بە كوالێتی لە سەرانسەری ئەوروپا بۆ هەموو كەسێك بە یەكسانی دابین بكرێت و كەس مافی بەسەر كەسی ترەوە نەبێت."

"هەموو منداڵان دەبێت تەواوی خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەیییەكانیان بۆ دابین بكرێت و ئەگەر لە ساڵی ٢٠١٧ منداڵان بە هۆی نەخۆشی بمرن، جێی قبووڵكردن نییە و هەموو منداڵێك كە لە ئەوروپا دەژیت بە یەك شێوە بكوترێن و لە ژێر چاودێری تەندروستیدا بن."

پێویستە بگوترێت لە چەند ساڵی رابردوودا بە سەدان هەزار ئاوارە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت سووریاوە روویان لە ئەوروپا كردووە و پرسی پەناخوازان بووەتە یەكێك لە گرنگترین پرسەكان لە ئەوروپا، لە هەریەك لەو وڵاتانە بە شێوازێكی تایبەت هەوڵ دەدرێت بە شێوەیەك رووبەڕووی ئەو پرۆسەیە ببنەوە كە بنەماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ لە ئەوروپا نەكەوێتە ژێر پرسیارەوە.

هەندێك حزبی ئەوروپی تەنانەت پەرەیان بە جۆرێك هزری رەگەزپەرستی دا و هەوڵیان دا هەڵگرتنی دروشمی دەركردنی ئاوارە و مسوڵمانان دەنگێكی زۆر كۆ بكەنەوە و لە هەڵبژاردن سەربكەون، بەڵام شكستیان هێنا. بۆ نموونە لە هەڵبژاردنەكانی فڕەنسادا ئەو لایەنەی كە دژایەتی توندی هاتنی پەناخوازان بۆ ئەوروپای دەكرد، شكستی هێنا.









وشە - سلێمان تاشان