لە سلێمانی هەڵمەتێكی ئاشتەوایی نیشتمانی دەست پێ دەكات

كۆمپانیای "دەروازە گرووپ" لە شاری سلێمانی هەڵمەتێكی بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی دەست پێ كرد و 100 هەزار كۆبۆنی هاوكاریش بۆ كەسوكاری شەهیدان و توێژەكانی تری سلێمانی دابەش دەكات.
 
ئەمڕۆ چوارشەم 13ی ئەیلوول، بڕوا جەمال بەڕێوەبەرێكی كۆمپانیای دەروازە بە "وشە"ی  ڕاگەیاند، هەڵمەتی نیشتمانی 100 هەزار "بەڵێ" بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی، هەڵمەتێكی نیشتمانی ئاشتیخوازانەی سەربەخۆیە و هەر كەس و لایەنێك لەخۆ دەگرێت كە بڕوای تەواوی بە ئاشتەوایی نیشتمانی هەیە.

زیاتر گوتی، ئێستە كار بۆ ئەم هەڵمەتە دەكەین  و لەو بڕوایەدان كە هیچ كەس و لایەنێك دژ بەم پرۆسەیە نین.

 ئاماژەی بەوە كرد كە پڕۆژەی "دەروازە بوتیك"، كۆبۆنێكی تایبەت بە ناوی  "بەڵێ بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی" لە چاپ دراوە بە رێژەی 100 هەزار دانە و بە شێوەیەكی شایستە بەسەر كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی شەڕی دژی داعش و  پێشمەرگە و مامۆستایان و ئاسایش و پۆلیس و هەر كەسێك كە بڕوای بە ئاشتەوایی هەبێت بەسەریدا دابەش دەكرێت.
 
ڕوونی كردەوە كە هەڵگری ئەم كۆبۆنە دەتوانێت بە بڕی 40 هەزار دینار پۆشاك هەڵبژێرێت وەك دیارییەك لە "دەروازە بوتیك"، بەمەش سەرمایەی تەرخانكراو بۆ ئەم هەڵمەتە كە لەلایەن "كۆمپانیای دەروازە"وە دەبەخشرێت، دەكاتە سێ ملیۆن و دوو سەد هەزار دۆلار، واتە چوار ملیار دینار بۆ ئەو پڕۆژەیە  تەرخان كراوە.
 
سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:06:18:13/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 1304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌