دانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستان دواخرا

:: PM:08:11:13/09/2017 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رای گەیاند كە بڕیار دراوە كە دانیشتنەكەی سبەی پەرلەمانی كوردستان دوا بخرێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ 13ی ئەیلوول، ئاواز حەمید ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پێمان ڕاگەیەنراوە كە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دوا خراوە.

زیاتر گوتی، كۆبوونه‌وه‌كه‌ى په‌رله‌مان بۆ ڕۆژى هه‌ینى سه‌عات حه‌وتى ئێواره‌ دواخراوه‌.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئەو دانیشتنەی پەرلەمانی كوردستان لەسەر بڕیاری فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی و یەكگرتوو دوا خراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی تەواوی ئامادەكارییەكان بۆ ئەو دانیشتنە بكرێ.

ڕۆژی 10ی ئەیلوول، پارتی و یەكێتی ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی ڕۆژی 14ی ئەیلوول پەرلەمانی كوردستان دانیشتن ئەنجام بدات و كارابكرێتەوە لەو ڕۆژەشەوە تا ئێستە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی تەواوی حزبەكان ڕازی بكەن بەشداری لەو كۆبوونەوەیەدا بكەن، بەڵام تا ئێستە گۆڕان و كۆمەڵ هەڵوێستی ڕوونیان نییە و چاوەڕوان دەكرێ‌ ئەمشەو بڕیار بدەن.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان بڵاوی كردەوە سبەی دانیشتنی پەرلەمان دەكرێت و 80 پەرلەمانتار ئامادە دەبن.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم