باڵەكایەتی بە زەماوەند پشتگیری لە سەربەخۆیی كوردستان دەكات

:: PM:08:17:13/09/2017 ‌

بەمەبەستی پشتگیریكردن لە ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم لە شارۆكەی چۆمانی سەر بە پارێزگەی هەولێر كەرنەڤالێكی جەماوەری لە سەنتەری شارۆكەكە بە بەشداری خەڵكێكی زۆر بەڕێوە چوو .

ئەحمەد قادر قایمقامی شارۆكەی چۆمان بە "وشە"ی راگەیاند، لە شارۆكەی چۆمان و دەڤەری باڵەكایەتی كەرنەڤاڵێكی جەماوەری بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكوومی و حزبی و سەربازی و تەناهی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و هەزاران هاووڵاتی دەڤەرەكە بەڕێوە چوو و تیایدا پشتگیری لە پڕۆسەی ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دووپات كرایەوە .

باڵەكایەتی لانەی شۆڕش و قوربانیدانی گەلی كورد بووە و بۆ سەربەخۆیی كوردستان قوربانییەكی زۆرمان داوە و بەپێویستی دەزانین بۆ ئەو رۆژە ئاهەنگ بگێڕین و بە زەماوەند پشتگیری سەربەخۆیی كوردستان بكەین . قایمقامی چۆمان وای گوت.

ئاماژەی بەوە دا كە هەر بەمەبەستی پشتگیری سەربەخۆیی كوردستان، ئاڵایەك بە درێژایی زیاتر لە 25 مەتر لەلایەن چەند گەنجێكی خۆبەخش دروست كرا و ئەمڕۆ لەلایەن خەڵكی باڵەكایەتی بەڕێزەوە نمایش كرا.


كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، ڕۆژی پێنجی ئەیلوول/سێتپێمبەری وەك سەرەتای وادەی بانگەشەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان تا ڕۆژی 22ی ئەیلوول/سێپتێمبەری دیاریی كرد، ئێستەیش لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان و كوردان لە وڵاتانی ئەوروپا دەست بە هەڵمەتی بانگەشەی ڕیفراندۆمی كوردستان كراوە و پرۆسەكە بەردەوامی هەیە.

رۆژی حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری داهاتوویان وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. 

چۆمان/ موڕشید برادۆستی














وشە - مه‌حموود ئیسماعیل