یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان سەركۆنەی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق دەكات

:: PM:08:21:13/09/2017 ‌
یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان هەڵوێستی خۆیان لەسەر بڕیارەكەی پەرلەمانی عێڕاق ڕادەگەیەنن كە تێیدا ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان رەت دەكاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ی ئەیلوول، نیعەمەت عەبدوڵا سەرۆكی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بە هەموو جۆرێك ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق ڕەت دەكەینەوە و ئیدانەی دەكەین.

زیاتر گوتی، سبەی پێنجشەم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەی ناڕەزایی خۆمان ڕادەگەیەنین.

دوێنی سێشەم 12ی ئەیلوول، پەرلەمانی عێڕاق جارێكی تر بە كۆی دەنگ بەبێ‌ ئەوەی لەبەرنامەی كاری دانیشتنەكەدا بێت، بە بڕیارێك ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستانی خستە دەنگدان و بڕیاری ڕەت كردنەوەی درا، ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق كاردانەوەی لێكەوتەوە و پەرلەمانتارانی كورد بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد.

ئەمڕۆ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە گوتارێكیدا لە كەرنەڤاڵێكی پشتگیری سەربەخۆیی لە شارۆكەی ئاكرێ‌ ڕای گەیاند، پەرلەمانی عێراق بەم بڕیارە ناتوانێ‌ ئیرادەی گەلی كورد بشكێنێت.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم