جیا دەبنەوە و منداڵەكانیشیان لە نێوانیاندا دابەش دەكەن

:: PM:11:48:13/09/2017 ‌

ژن و مێردێك لە هەولێر دوای حەوت ساڵ لە ژیانی هاوسەرگیری لەیەكتر جیا دەبنەوە و چوار منداڵەكەیان كە تەمەنی گەورەكەیان شەش ساڵە و بچووكەكەشیان نۆ مانگە، لەنێوانیاندا دابەش دەبن، ئەو ژنە دەڵێت پیاوەكەی نەیتوانیوە ببێتە پیاو یان باوكێكی باش، پیاوەكەش دەڵێت ئەو ژنە تەنیا بە ناو ژن بووە پەشیمانە لە هەموو ئەو ڕۆژانەی لەگەڵیدا ژیاوە.

"شیروان" ئەو پیاوەیە كە حەوت ساڵ پێش ئێستە هاوسەرگیری لەگەڵ "ئەوین" كردووە و ئەوان بوونەتە خاوەنی چوار منداڵ، ئەو دەڵێت هەمیشە هەوڵی داوە ژیانێكی ئارام لەگەڵ خێزانەكەیدا دەستەبەر بكات، بەڵام بەهۆی خراپیی ژنەكەیەوە ئەوە ڕووی نەداوە، ژنەكەشی پێچەوانەكەی ئەو دەڵێت، "شیروان" چیڕۆكی ژیانی بۆ "وشە" باس دەكات و دەڵێت:

لە ڕێگەی براكانییەوە "ئەوین"م ناسی كە لەگەڵ براكانیدا هاوبەشی كار بووین و وام زای خوشكەكەشیان وەك ئەوان باشە، بەڵام وا نەبوو، هەر لە سەرەتای هاوسەرگیریمان لەگەڵ خێزانەكەمدا كردی بەناخۆشی و بەشەڕ و ماڵمان جیا كردەوە، لەبەر ئەوەی لەگەڵ دراوسێكاندا نە دەگونجا لە ماوەی ئەو حەت ساڵەدا شەش جار ماڵمان گواستەو لەو كۆڵان بۆ ئەو كۆڵان، تەنانەت ماوەی ساڵێك هەولێرمان جێهێشت و چووینە كۆیە.
زیاتر دەڵیت، هەموو ساڵێك منداڵێكمان دەبوو ئەو دەیگوت بۆئەوەی تۆ فریای ئەوە نەكەوی چاو بۆ ژنی دووەم بگێری دەبێت هەر منداڵمان ببێت، بوینە خاوەنی چوار منداڵ، دواتر حاشای پێ لە مالی باوكم كردم و لەگەڵ هیچ كەسێكمدا نەم دەتوانی قسە بكەم.

"شیروان" ئامەژە بەوە دەكات، چەندجار براكانیم كۆ كردووەتەوە و لە هەڵسوكەوتەكانی خوشكەكەیان ئاگەداریانم كردووەتەوە، ئەوانیش پێیان گوتووە هەركات نەیتوانی بەو شێوەیە بێت كە تۆ دەتەوێت لێی بدە و هەموو گیانی بشكێنە و ڕیگەی دەرەو و پێوەندیكردن و هەموو شتێكیشی لێ قەدەخە بكە.

"ئەوین"، كە ئێستە لەگەڵ سێ لە منداڵەكانیدا لە مالێ باوكی دەژیت، دەڵێت لە سەرەتاوە هاوسەرگیری "شیروان" لەگەڵیدا تەنیا لە بەر ئەوە بووە پشكی زیاتری لە كاركردنیدا لەگەڵ براكانی بەركەوێت، "وشە" بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو قسانەی كە "شیروان" لە بارەی ئەو خێزانەكەیان كردی، پێوەندی پێوە كرد و ئەویش بەم جۆرە وەڵامی دایە:

هەموو ئەوانەی ”شیروان" گوتوویەتی دوورن لە ڕاستی، ئەو لە سەرەتا لەبەر هاوبەشبوونی لەگەڵ براكانم منی هێنا، هەمیشە بەمنی دەگوت، دەبێت بچی داوای میرات لە ماڵی باوكت بكەی، زۆربەی خەرجی ماڵی ئێمە لە ئەستۆی براكانم بوو، بەڵام ئەو قەت خۆی خراپ پێشان نەدەدا لای براكانم، براكانیشم وەك نێچیر منیان دابوویە دەستی گورگ و بەئارەزووی خۆی لێێ دەخواردم و ئازاری دەدام، ئەوین وای گوت.

"ئەوین" نایشارێتەوە كە هەمیشە ویستوویەتی لە مالێ خەسووی دووربێت، چونكە زۆربەی كێشەكانیان بەهۆیی ئەوانەوە بووە. ئەو ئاماژە بەوە دەكات، "شیروان" هەمیشە دوای لێدانی ناردوویەتییەوە ماڵی باوكی، پێش لەدایكبوونی سێیەم منداڵیان جێی هێشتوون و چووەتە دەرەوەی وڵات، كاتێك گەڕاوەتەوە منداڵەكەی تەمەنی ساڵ و نیوێك بووە، "ئەوین" دەڵێت، لەماوەی نزیكەی دوو ساڵدا بەتەنیا هەم دایك بووە و هەم باوكیش بۆ منداڵەكانی، جگە لەوەش هەر ڕۆژە و خوشكێكی پێوەندی دەكرد و سووكایەتی پێ دەكردم.

ئەو باس لەوە دەكات، لە بێكەسیدا تەنیا دایكی لا بووە منداڵی بووە، كەچی دوای گەڕانەوەی مێردەكەشی هێشتە ئەویان تاوانبار كردووە و پێیان گوتووە لەبەر خراپیی تۆیە مێردەكەت سەری هەڵگرتووە.

"شیروان" نایشارێتەوە ماوەی دوو ساڵ خێزانەكەی جێ هێشتووە، ئەو دەڵیت هێندە بێزار بووە، تەنانەت نەیویستووە یەك دەقەش كەسیان ببینێتەوە، بەڵام دواتر لەبەر براكانی "ئەوین" گەڕاوەتەوە.

كێشەكانی ئەو ژن و مێردە بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی دەگەن بە تەڵاق، لە یەكەم دانیشتنی دادگادا بە ڕەزامەندی هەردوولا لە یەكتر جیا دەبنەوە، لەسەر خواستی "ئەوین" منداڵەكان دەدرێن بە "شیروان"، بەڵام دوای هێنانەوەی ژنی دووەم  لەلایەن "شیروان"ەوە، "ئەوین" داوای وەرگرتنەوەی منداڵەكانی لە دادگا دەكاتەوە.

"شیروان" ئەوە ناشارێتەوە كە دوو مانگ دوای جیابوونەوەی لە "ئەوین" ڕاستەوخۆ هاوسەرگیری كردووە، زۆریش بەختەوەرە لەگەڵیدا، ئەو ئێستە لەگەڵ ژنی دووەمی  منداڵی چوارەمی  كە تەمەنی نۆ مانگە دەژین، دەڵیت هەموو هەوڵێ ئەوەیە سێ منداڵەكەی تریش لە "ئەوین"ی ژنی پێشوی وەربگرێتەوە.

"ئەوین" دەڵێت، من دەمزانی هەموو شینێكی بۆ ئەوەیە ژن بێنێت، هەر بۆیە دوای ئەوەی لەمن جیابوویەوە و ڕاستەوخۆ هاوسەرگیری كرد، من لە توڕەیی ئەوەی ژنی هێنا منداڵەكانم وەر نەگرتەوە، بەڵكو منداڵەكانم هەمیشە لەكاتی بینینمدا دەگریان شوێنی لێدان و داخكردنیان پێیشان دەدام، بۆیە داوام لە دادگا تۆمار كرد و سێ لە منداڵەكانم وەرگرتەوە، بەڵام مندالی چوارەمم كە لە چوار مانگییەوە لەلای ئەوە، نەمبینیوە و ناشمەوێت بی بینم، چونكە دایكی و خوشكەكانی سووكایەتیان پێ دەكردم و دەیانگوت ئەوە منداڵی ئێمە نییە و براكەمان بێزی نایەت لەگەڵ پیسێكی وەك تۆدا بخەوێت.

هەولێر/ ئیڤان عەبدورەحمان


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل