مەكینەیەك بێ سووتەمەنی كار دەكات

:: AM:10:50:14/09/2017 ‌

كەناڵی CCtv-2ی وڵاتی چین بڵاوی كردەوە، پسپۆڕانی چین داهێنانێكی زۆر ناوازەیان بەرهەم هێناوە، ئەویش بریتییە لە دروستكردنی بزوێنەرێك كە تەواوی یاساكانی فیزیایی پێچەوانە كردووەتەوە و بێ هیچ سووتەمەنییەك كار دەكات.

پێگەی دەیلی مەیل وردەكاری ئەو داهێنانەی وڵاتی چینی بڵاو كردووەتەوە، كە زۆرێك لە خەڵك باوەڕیان وایە كە ڕاست نییە و تەنیا پڕوپاگەندە و رێكلامە چین بۆ خۆی دەیكات.

پێشتر زانایانی وڵاتی چین بڵاویان كردەوە، كە نموونەیەكی بزوێنەری EMDriveیان بەرهەم هێناوە لە تاقیگەی تیانگۆنگ2ی بۆ لێكۆڵینەوە لە بۆشایی ئاسمان، بەڵام هیچ زانیارییەكی تریان نەخستووەتە ڕوو، ئێستە ئاشكرابوو، كە ئەو بزوێنەرە هیچ سووتەمەنییەكی پێویست نییە، پشت بە شەپۆلەكانی ڕووناكی و وزەی خۆر دەبەستێ و ئەمەیش خەزن دەكات و لە نێو دەفرێكی داخراو بەشێوەیەكی بازنەیی شەپۆلەكانی ڕووناكی خول دەخۆن و بزوێنەرەكە بە بەردەوامی بەكار دەخەن.

بە بەرهەمهێنانی ئەو بزوێنەرە یاساكانی فیزیا لەسەر كات و قەبارە بە تەواوی گۆڕانكاری بەسەردا دێ، چونكە دەتوانرێ بە قەبارەیەكی بچووك و بۆ زەمەنێكی دوور كەمێك وزەی خۆر و ڕووناكی بزوێنەرەكە بەكار بخات، زانایانی ناسا لەوبارەوە دەڵێن، بزوێنەرەكەی چین باسی دەكات لە حاڵەتی سەرەتاییدایە و لە بۆشاییدا دەتوانێ هێزی پاڵپێوەنانی 1.2 میلی نیوتنی هەبێ، تا ئێستەش بە تەواوی كۆتای نەهاتووە.

سەرچاوە/RT.



وشە - باز ئه‌حمه‌د