یەكێتی: بە هاتن و نەهاتنی گۆڕان و كۆمەڵ سبەی پەرلەمان كۆ دەبێتەوە

:: PM:02:32:14/09/2017 ‌

پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای كرد، سبەی هەینی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان یەكلا بووەتەوە و ئەنجام دەدرێ، دوێنێش بۆ هاتنی گۆڕان و كۆمەڵ بۆ سبەی دوا خرا، بەڵام سبەی دوا ناخرێ و دێتە ئەنجامدان.

عەباس فەتاح ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێمە وەك فراكسیۆنی یەكێتی واژوومان كردووە و لەگەڵ فراكسیۆنەكانی تر بۆ كۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی كوردستان، دوێنێش چاوەڕێی گۆڕان و كۆمەڵمان كرد، بۆ ئەوەی ئەمڕۆ دانیشتنەكە ساز بكرێ، بەڵام بەهۆی بێ وەڵامیان دانیشتنەكە بۆ سبەی هەینی دوا خرا.

هەروەها گوتی، ئێمە وەك یەكێتی هەوڵی تەواومان داوە و دەمانەوێ پەرلەمان كارا بكرێتەوە، بۆیە برادەرانی گۆڕان و كۆمەڵ تا سبەی وەڵاممان دەدەنەوە بە بەشداربوون و نەبوون لە كۆبوونەوەكە، دەنا كۆبوونەوەكە ئەنجام دەدرێ، هیواداریشین برادەرانی گۆڕان و كۆمەڵ بڕیارێك بدەن و خۆیان یەكلا بكەنەوە.

لەبارەی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گوتی، ئەو بابەتە كێشەی لەسەر نییە و برادەرانی كۆمەڵیش گوتوویانە هەركات یەكێتی داوا بكات، ئەوان ئامادەن سكرتێری پەرلەمان بە ئێمە بدەنەوە، بەڵام بۆ كاندیدی یەكێتی و دانانی لەو پۆستە تا ئێسته شتێكی لەوشێوەیە لە ئارادا نییە.

پێشتر محەمەد سادق سوورچی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، واژووی 58 پەرلەمانتار كۆ كراوەتەوە، ئەگەر گۆڕان و كۆمەڵ نەگەڕێنەوە، سبەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان سەرۆكایەتی دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی كوردستان دەكات.



وشە - باز ئه‌حمه‌د