ئۆتۆمبێلی "لەنگە" بازاڕی كوردستان دادەپۆشێت

:: PM:01:40:15/09/2017 ‌

بە تێپەڕبوون بە بەردەم پێشانگەكانی ئۆتۆمبێل لە شاری هەولێر، بەردەوام كەسانێك لێت دێنە پێشەوە و پرسیاری فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەكەت لێ دەكەن، ئەوان دەیانەوێ‌ بزانن كە ئایا ئۆتۆمبێلەكەت "لەنگە"یە یان لە كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبێل هاتووەتە كڕین.

سەرتیپ جەوهەر كە خۆی و دوو برای لە ڕۆژی هەینی لە سەعات یەكی نیوەڕۆ لە بەردەم بازاڕی پێشانگەكان ئەو كارە دەكەن, بە"وشە" دەڵێ، "ئۆتۆمبێلی لەنگە بازاڕی پڕ كردووە و فرۆشی ئۆتۆمبێلەكانی تری بڕیوە، ڕاستە لەنگە كڕین و فرۆشتنی باشترە، بەڵام ئێمە زۆرجار نازانین ئەو ئۆتۆمبێلە كوالێتی چۆنە".

جەوهەر زیاتر دەڵێ‌، "لە كۆتای ساڵی 2016 ئۆتۆمبێلی لەنگە هاتە ناو بازاڕی كوردستان، ئیتر نرخی ئۆتۆمبێلی هێندەی تر داشكاند".

لە پێشانگەكانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە هەولێر، "لەنگە" بەو ئۆتۆمبێلانە دەگوترێت كە لە وڵاتێكی بیانییەوە پاش پێكدادان یان بەركەوتنی گورزێك، بۆ كوردستان هاوردە كراون.

جەوهەر ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، "پێشتر ئۆتۆمبێلی جۆری تویۆتا كرۆلا كە ناسراوە بە"بیكاشۆ" مۆدێل 2013 بە 15 هەزار دۆلار نەدەهاتە كڕین، بەڵام ئێستە هەمان ئۆتۆمبێل مۆدێل 2016 بە 11 هەزار و 500 دۆلار دێتە كڕین".

ساڵح كوورەچی خاوەنی پێشانگەی لەنیا، بۆ "وشە" باس لەوە دەكات، "هەرچی ئۆتۆمبێلە ئێستە دەبێت سەرەتا بپرسی لەنگەیە یان كۆمپانیای باوەڕپێكراو، چونكە كۆمپانیای هێنانی ئۆتۆمبێل بەرپرسیارەتی هەڵدەگرن، بەڵام لەنگە هیچ بەرپرسیاریەتییەكی لەسەر نییە".

كوورەچی دەڵێ، "بازاڕ بەتەواوی شێواوە و كەس نازانێت چی بكڕێت و چی نەكڕێت، كڕیارە نازانێت باوەڕ بەكێ‌ بكات، چونكە هەمووی یەك كۆمپانیای بواری بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل دروستی كردوون، بەڵام هەریەك بۆ وڵات و كیشوەرێك ئیتر ئەوەیان ئەمەریكاییە و ئەوەیان بۆ كەنداو و ئەوەیان بۆ چین و ئەوەیان بۆ ئەوروپایە و كەس نازانێت كامەیان باشترە".

ساڵح كە 18 ئۆتۆمبێلی جۆری لەنگە و 11 ئۆتۆمبێلی كۆمپانیای لە پێشانگەكەی ڕاگرتووە، ئاشكرای دەكات، "ئۆتۆمبێلی لەنگە زیاتر كڕیاری هەیە، بەڵام ئۆتۆمبێلی كۆمپانیا كڕیاری تایبەتی خۆی هەیە".

كارزان مەجید گوتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان ئاماژە بە خراپی كوالێتی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەكات و بوونی پێكدادان بەر لە هاتنی بۆ كوردستان، زۆرجار كێشەی ژمارەی "شانسی" دروست دەكات و دەبێت بۆ سەر سنوورەكان بێنە گەڕاندنەوە.

كارزان بۆ "وشە" گوتی، "ئەگەر خراپیی ڕێگەوبانەكان و پابەند نەبوونی شوفێر بە ڕێنوێنی هۆكارێكی ڕووداوەكان بێت، ئەوا خراپی كوالێتی ئەو ئۆتۆمبێلانە و بوونی شكست و پێكدادانی پێشووی هۆكارێكی ترن بۆ زۆربوونی ڕووداوەكان".

گوتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان، زیاتر دەڵێ‌، "زۆرجار ئەو ئۆتۆمبێلانە لە پشكنین كێشەمان بۆ دروست دەكەن و بەهۆی قوپاوی یان گۆڕانكاری لە ژمارەی شانسی، دەبێت ئۆتۆمبێل بۆ سەر سنوورەكان بگێڕینەوە و جارێكی تر پشكنینیان بۆ بكرێتەوە".

هۆگر عەزیز كە خاوەنی وەرشەی دیاریكردنی كێشەی ئۆتۆمبێلە بە كۆمپیوتەر، بۆ "وشە"ی روون دەكاتەوە كە ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە ئەگەر پشكنینیان بۆ بكرێت، سەرجەمیان كێشەی ئیستۆپ و نەكرانەوەی پەڕەشووتیان هەیە.

زیاتر دەڵێ‌، "هیچ ئۆتۆمبێلێك نییە لە جۆری لەنگە كێشەی نەبێت و سەرجەمیان كێشەیان هەیە، كاتێك دووچاری ڕووداوی هاتوچۆ دەبن، ئینجا دەزانن پەڕەشووتیان ناكرێتەوە، لە بنەڕەتدا كە چاك كراوەتەوە وەك پێویست نەبووە و تەنیا كاری شاردنەوەی كەموكوڕی بۆ كراوە".

بەگوێرەی دوایین ئاماری هاتوچۆی كوردستان، ئێستە زیاتر لە ملیۆنێك و 200 هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمدا هەن و بەشی زۆریشیان ئۆتۆمبێلی تایبەتن.

وشە/ رامیار جەواد



وشە - تایبه‌ت