ئه‌ندامێكی لێژنه‌ی باڵای ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئاشكرای كرد، هیچ دواخستنێك له واده‌ی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم نییه و مه‌گه‌ر ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش به كۆی ده‌نگ بڕیار ده‌ربكات و گره‌نتی ڕیفراندۆم له واده‌یه‌كی تر بدات، ده‌نا به پێچه‌وانه‌وه ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم یه‌كلابووه‌ته‌وه و هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كانیش ته‌واو بوون.
هۆشیار زێباری ئه‌ندامی لێژنه‌ی باڵای ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به "
العربیه"ی ڕاگه‌یاند، واده‌ی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم ڕوونه و هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان و هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه له ته‌واوی شوێنه‌كانی كوردستان ده‌ستی پێ كردووه و هیچ واده‌یه‌كی تر جگه له 25ی ئه‌یلوولی ئه‌مسال ڕیفراندۆمی تێدا ناكرێ، چونكه ته‌واوی حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان بڕیاریان داوه و كه‌سێك و لایه‌نێك ناتوانێ ڕیفراندۆم دوابخات.
هه‌روه‌ها گوتی، له مانگی حوزه‌یران هه‌مووانمان ئاگه‌داركرده‌وه، ئه‌گه‌ر جێگیرهوهیهك هه‌یه، ده‌نا ڕیفراندۆم ئه‌نجام ده‌ده‌ین، ته‌نیا چه‌ند ڕهشنووسێكیان هێنا و ئێمه‌ش سه‌رجه‌میمان ڕه‌ت كرده‌وه، چونكه په‌سه‌ندكراو نه‌بوو و ته‌نیا له په‌یام و نیازی داهاتوو ده‌چوون، ئه‌مڕۆش هاتوونه‌ته‌وه به پرۆژه‌یه‌كی تر بۆ دواخستنی ریفراندۆم به گره‌نتیدان، به‌ڵام گره‌نتییه‌كان چییه؟ به ته‌واوی ڕوون نییه، ئه‌گه‌ر گره‌نتییه‌ك هه‌بێ، ده‌بێ له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بێ، بڕیاری به كۆده‌نگ له نێو ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش له‌سه‌ر بدرێت، لیژنه‌ی ڕیفراندۆم ئه‌وانه تاوتوێ ده‌كات، به‌ڵام واده‌ی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم وهكخۆیهتی و هیچ دواخستنێكی نییه، وه‌ڵامی داوا و پرۆژه‌ی وڵاتانیش ده‌ده‌ینه‌وه، به‌ڵام له كۆتاییدا گه‌لی كوردستانه بڕیار له‌باره‌ی چاره‌نووسی خۆی ده‌دات.
ئاماژه‌ی دا، ئه‌و هه‌وڵه‌ی ئه‌م دواییه‌ش تاوتوێ ده‌كرێ، هه‌وڵه‌كانی تریشیان له ئاستی ویستی ئێمه نه‌بوون، بۆیه هیچ گۆڕانكارییه‌ك له واده‌ی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم نییه. ئه‌وه‌ی تا ئێسته دراوه ڕژد و پێویست نین, بۆیه پرۆسه‌كه به‌رده‌وامه و چاودێری نێوده‌وڵه‌تی ته‌واو هاتوون بۆ چاودێری كردنی ڕیفراندۆم.