سیستەمی پاشەكەوتی مووچە لە پەرلەمان پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت

:: AM:11:22:16/09/2017 ‌

فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان، ئێستە كار دەكەن بۆ دانانی میكانیزمێكی نوێ‌ بۆ پێداچوونەوە بە پاشەكەوتی مووچە و ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت، لە دانیشتنی داهاتوودا گفتوگۆی لەسەر دەكەین.

ئەمڕۆ شەموو 16ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، بەهار عەبدوڕەحمان ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای یەكەمین دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان، ئێستە یەكەمین كاری ئێمە بریتی دەبێت لە هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، دوێنی بە یاداشتێك ئەو داوایەمان پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كردووە بۆ دانیشتنی داهاتوو كە كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بخرێتە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان.

ئەو پەرلەمانتارەی كوردستان ئاشكرای كرد، ئەو پاشەكەوتە دەبێت هەڵوەشێتەوە، چونكە نایاسایییە و پێویستە مووچە خۆران پێداچوونەوە بە پاشەكەوتی مووچەكەیان بكرێت بۆ ئەوەی مووچەیان چاك بكرێت و لەدانیشتنی داهاتوو كاری بۆ دەكەین.

دوای كارابوونەوەی پەرلەمانی كوردستان، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئێستە هەوڵی پێداچوونەوە بە پاشەكەوتی مووچە بە پێویست دەزانن و ئێستە چەند فراكسیۆنێكی پەرلەمانی كوردستان كار دەكەن بۆ دەرچوونی یاسایەك بۆ هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە.



وشە - رامیار جەواد