چەندان لێكۆڵینەوە لەسەر مرۆڤ دەری دەخات كە سركەی سێو دەتوانێت هەستكردن بە تێربوون زیاد بكات، یارمەتیدەر بێت تا كالۆری كەمتر وەربگریت و دابەزینی كێش زیاتر بكات.
یەكێك لە لێكۆڵینەوەكانی پسپۆڕان كە لەسەر كەسانی قەڵەو كراوە، دەری دەخات كە خواردنی ڕۆژانەی سركەی سێو دەتوانێت چەوری سك و دەوروبەری داببەزێنێت، لەسەر بنەمای ئەم لێكۆڵینەوەیە خواردنی 15 میلی لیت سركە لە ڕۆژێكدا یەك كەوچكی چێشت یەكسانە بە 1.2 كیلۆ دابەزینی كێش لە ماوەی سێ مانگدا.
بەشێوەیەكی گشتی دەردەكەوێت كە سوود وەرگرتن لە سركەی سێو دەتوانێت بۆ دابەزینی كێش كاریگەر بێت و ئەم كاریگەرییەش لە ڕێی زیادكردنی هەستی تێربوون و دابەزینی شەكری خوێنەوە دەردەكەوێت.
تاقیكردنەوەكان دەریان خستووە، سركەی سێو قژ نەرم و خاو دەكاتەوە و رێ لە ئاڵۆزبوونی دەگرێت، پسپۆڕانی جوانكاری پێیان وایە، سركەی سێو زیانی نییە بۆ زیادكردنی چەوری، هەروەها بەسوودە بۆ بەهێزكردنی قژ و تایبەتمەندی شامپۆشی هەیە و خاوێنكەرەوەیەكی باشە بۆ قژ، لەگەڵ ئەوەشدا ترشیەتی سروشتی جەستە هاوسەنگ دەكات.
پسپۆڕانی بواری جوانكاری دەڵێن: سروشتی قژی سەر زیاتر بەلای ئەسیدەوە دەچێت، واتە لە حاڵەتی ئاساییدا بالای ترشیەتییەوە دەچێت، كە لە نێوان 4.5 بۆ 5.5 ە، بەڵام دوای شووشتن، لەوانەیە ئاستەكەی بگۆڕێ، بۆیە دوای شووشتنی قژ بە شامپۆ دەتوانن كەمێك سركەی سێو لە قژتان بدەن و دوای دوو خولەك جوان بە ئاو بیشۆن، بەمەش ترشیەتییەكەی ئاسایی و هاوسەنگ دەبێتەوە.
سركەی سێو قژی سەر بریقەدار دەكات و رێ لە ئاڵۆزبوونی دەگرێت، هاوكات سركەی سێو دژی باكتریایە، بۆیە چارەسەری خورشتی پێستی سەرە و ناهێڵێت وشك بێ.