چانسی ئەنجێلا مێركڵ بۆ مانەوە لە دەسەڵات زۆرە

:: PM:01:10:16/09/2017 ‌

زیاتر لە هەفتەیەكی ماوە لە ئەڵمانیا هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت و دەنگی حزبەكان و لایەنەكانیش لە هەڵبەز و دابەزدایە.

بەگوێرەی راپرسییەكەی دامەزراوەی infratest dimap كە ئەنجامەكانی راپرسییەكەی لە رێی تەلەڤزیۆنی ARD ئەڵمانیا بڵاو كردەوە، پارتی سۆسیال دیموكرات بەراورد بە هەفتەی رابردوو ١% لە دەنگەكانی لە دەست داوە و گەیشتووەتە ٢٠% و ئەمەش بە نزمترین ئەنجامی راپرسی بۆ ئەو حزبە لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەژمار دەكرێت.

هەر بە پێی راپرسییەكە، ئەم هەفتەیە حزبی دیموكرات مەسیحی كە ئەنجێلا مێركڵ سەرۆكایەتی دەكات و لەگەڵ هاوپەیمانە مێژوویییەكەی سۆسیال مەسیحی ویلایەتی بایرێن دەنگەكانیان گەیشتووەتە ٣٧%، سێیەم پارتی بەهیزی ئەڵمانمیاش بریتییە لە حزبی پۆپۆلیستی ئەلترنایڤێك بۆ ئەڵمانیا كە دەنگەكانی ئەویش ١% بەرز بووەوە و گەیشتە ١٢%.

بەگوێرەی ماڵپەڕی "رادیۆ زەمانێ" دەنگەكانی حزبی دیموكراتی ئازاد یان لیبرالیش كە هەڵبژاردنی پێشوو نەیتوانی بچێتە پەرلەمان، ٠.٥% زیادی كرد و گەیشتە ٩.٥%، لە كاتێكدا حزبی چەپەكان بە لەدەستدانی ١%ی دەنگی خەڵك بۆ ٩% دابەزی. سەوزەكانیش ١.٥%ی دەنگەكانیان لە دەست دا و ژمارەی دەنگەكانیان گەیشتە ٧.٥%.

لە راپرسییەكی كەناڵی تەلەڤزیۆنی ZDFیش كە لە راپرسیدا ناوبانگی هەیە ئەنجامەكان هەندێك جیاوازن. هەریەك لە حزبی دیموكرات مەسیحی، حزبی هاوپەیمانی سۆسیال مەسیحی ویلایەتی بایرێنیان لە دەست داوە، بەڵام لە هەمان كاتدا لە پێشەنگی دەنگەكاندان و خاوەنی ٣٦%ی دەنگی خەڵكن، ئەو دوو حزبە لە سەرەتای مانگی ئاب هەر بەگوێرەی راپرسیی تەلەڤزیۆنەكە، خاوەنی ٤٠%ی دەنگی خەڵك بوون. هاوكات حزبی سۆسیال دیموكرات بە بەرزكردنەوەی ١%ی دەنگەكانی رێژەی دەنگەكانی گەیاندە ٢٣%.

هەردوو حزبی لیبراڵ و ئەلتەرناتیڤێك بۆ ئەڵمانیا لە پلەی سێیەمدا هەڵكەوتوون و هەر كامێكیان دەنگەكانیان بە رێژەی ١% زیادی كردووە و گەیشتووەتە ١٠%. چەپەكان ٩% و سەوزەكانیش ٨%ی دەنگەكانیان مسۆگەر كردووە.

هەردوو هاوپەیمانیەتی دیموكرات مەسیحی و سۆسیال مەسیحی لە لایەك و سەوز و دیموكراتەكان لەلایەكی تر، چانسی زیاتریان هەیە دەنگەكانیان بەرز ببێتەوە.

ئەو دامەزراوەیە بۆ ئەنجامدانی راپرسییەكەی لە ١٢ی ئەیلوولەوە تا ١٤ی ئەیلوول، بە شێوەیەكی رێكەوت تەلەفۆنیان بۆ هەزار و ٣٨٣ كەس كردووە كە تەمەنیان گەیشتووەتە ئاستیك بتوانن لە دەنگداندا بەشداری بكەن.

لە هاوپەیمانیەتییەكاندا ٤٥%ی لایەنگرانی هاوپەیمانیەتییەكەی حزبی دیموكرات مەسیحی، رازین بە درێژكردنەوەی هاوپەیمانییەكە لەكاتێكدا رێژەی رەزامەندی درێژكردنەوەی هاوپەیمانی سەوز و دیموكراتەكان دەگاتە ٤٦%.

لە ناو لایەنگرانی حزبی سۆسیال دیموكرات سەرووی نیوەی لایەنگران لەگەڵ درێژكردنەوەی هاوپەیمانین.

مارتین شۆلزلە حزبی سۆسیال دیموكرات و سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی ئەوروپا بە لەدەستدانی ١%ی دەنگەكان خاوەنی ٢٥%ی دەنگەكانی ئەڵمانیایە.

بە گشتی ٥٧%ی دەنگدەران تا ئێستە دەزانن دەنگ بە كێ بدەن و ئەوەی تر هێشتا خۆیان ساغ نەكردووەتەوە.

 بڕیارە رۆژی یەكشەم ٢٤ی ئەیلوول واتە رۆژێك بەر لە ریفراندۆمی كوردستان، لە ئەڵمانیا هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت و بەگشتی ٦١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەیە. لەوانە ٣١ ملیۆن و ٧٠٠ هەزاریان ئافرەت و ٢٩ ملیۆن و ٨٠٠ هەزاریان پیاون.

پەرلەمانی ئەڵمانیا خاوەنی ٥٩٨ نوێنەرە كە دیاریكردنی ٢٩٩ كورسی بە شێوەیەكی راستەوخۆ بە دەنگی خەڵك دێنە هەڵبژاردن و ٢٩٩ نوێنەریش بە دەنگی دووەم بە حزبەكان دێنە هەڵبژاردن. هەر حزبێك بیەوێت بچێتە پەرلەمان دەبێت لانی كەم ٥%ی دەنگی دووەم بەدەست بهێنێت.

حزبی ئەلتەرناتیڤێك بۆ ئەڵمانیا كە دژی وەرگرتنی پەناخوازە هەوڵ دەدات بەربەستەكە بشكێنێت و خۆی بگەیەنێتە پەرلەمانی ئەڵمانیا.

حزبی لیبرالیش كە لە خولی رابردوودا نەیتوانی ئەو ٥%ە بەدست بهێنێت، ئاواتەخوازە ئەم خولە بتوانێت بە پەرلەمان بگات. زۆرێك لە راپرسییەكان ئەوە دەردەخەن كە لەم خولەدا ئەو دوو حزبە بتوانن بچنە پەرلەمانەوە.

 لە هەڵبژاردنەكانی ئەڵمانیا پاڵێوراوی ئەو حزبەی كە زۆرترین دەنگەكانی بەدەست هێناوە، دەبێت بە راوێژكاری وڵات. هیچ سنوورێك بۆ ئەو پۆستە نییە.

 لە سێ خولی رابردووی هەڵبژاردن، حزبی دیموكرات مەسیحی زۆرینەی دەنگەكانی بەدەست هێنا، بۆیە سێ خولی لەدوای یەكە كە ئەنجێلا مێركڵ لە پۆستی راوێژكاری ئەڵمانیادا ماوەتەوە.

لەم هەڵبژاردنەش ئەنجێلا مێركڵ پاڵیوراوی حزبی دیموكرات مەسیحییە و دەتوانێت چەندان خولی تر لەو پۆستەدا بمێنێتەوە. تا ئێستە لە ئەڵمانیا هیچ كەسێك نەیتوانیوە ١٦ ساڵ لە لووتكەی دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. ئەگەر ئەم جارە حزبی دیموكرات مەسیحی بیباتەوە، ئەوا بۆ یەكەم جار ماوەی دەسەڵاتی ئەنجێلا مێركڵ دەگاتە ١٦ ساڵ كە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا بێوێنەیە.

لە هەڵبژاردنی رابردووی ئەڵمانیا، ٧١.٥%ی خەڵك بەشدارییان لە دەنگدان كرد.





وشە - سلێمان تاشان