ڕیزبه‌ندی بەهێزترین پاسپۆرتی وڵاتان.. ئەڵمانیا یەكەم و عێراق دواترینە

:: PM:01:22:16/09/2017 ‌

ئەڵمانیا بۆ پێنجەمین ساڵ بەدوای یەكدا ریزبەندی یەكەمی بەهێزترین پاسپۆرتی لەسەر ئاستی دنیادا تۆمار دەكات، عێراقیش لە دواوەی ریزبەندەكە دێت.

بۆ ساڵی پێنجەم بەدوای یەكدا ئەڵمانیا لە پلەی یەكەمدایە كە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە دەتوانن بێ وەرگرتنی ڤیزا سەردانی 176 وڵات بكەن لە كۆی 199 وڵات.

پۆلینی ریزبەندی بەهێزترین پاسپۆرتی وڵاتان لەسەر ئاستی دنیا پشت دەبەستێت بە پێوەری سەردانی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە بۆ وڵاتانی تر بێ گەڕانەوە بۆ وەرگرتنی ڤیزا، یان رێدان بە سەردانی هاووڵاتییانی وڵاتەكە و وەرگرتنی ڤیزا لە فڕۆكەخانەكانی ئەو وڵاتانەی سەردانی بۆ دەكەن.

پۆڵینی ریزبەندی بەهێزترین پاسپۆرتی جیهانی ساڵانە بۆ 199 وڵات ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەمساڵ سوید پلەی دووەمی بەدەستهێناوە كە دەتوانن سەردانی 175 وڵات بكەن بێ وەرگرتنی ڤیزا.

دوای ئەڵمانیا و سوید، هەریەكە لە دانمارك، فنلەندا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، ئەمەریكا بە هاوبەشی لە پلەی سێیەم دێن كە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانە بۆیان هەیە سەردانی 174 وڵات بكەن بێ وەرگرتنی ڤیزا بە پێی ئەو پۆڵینەی كۆمپانیای هینلی ئاند بارتنرسی سویسری ئەنجامیداوە.

 ئەگەرچی ئێستە بەریتانیا لە پلەی چوارەم دێت كە هاووڵاتییانیان دەتوانن سەردانی 173 وڵات بكەن بێ وەگرتنی ڤیزا، بەڵام بە چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا پێدەچێ هاووڵاتییانی بەریتانیا لە زۆرێك لەو خزمەتگوزارییانە بێبەش ببن و ناتوانن وەك جاران سەردانی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا بكەن، ئەمەش وادەكات بەریتانیا ریزبەندی پلەی چوارەم لە دەست بدات.

 لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش، ئیمارات لە پلەی یەكەم دێت كە پلەی 38ی ریزبەندی جیهانی دەكات كە هاووڵاتییانی ئیمارات سوودمەندن لەوەی سەردانی 121 وڵات بكەن بێ وەرگرتنی ڤیزا. هاوكات توركیاش لە ریزبەندی 52ی جیهانیدایە كە هاووڵاتییانی دەتوانێت سەردانی 105 وڵات بكەن بێ وەرگرتنی ڤیزا.

دوای ئەفغانستان كە لە كۆتای ریزبەندی پۆڵینەكە دێت لە نێوان 199 وڵات، ئەوا سووریا، پاكستان و عێراق لە كۆتا ریزبەندەكەدان و هاووڵاتییانیان چانسی ئەوەیان نیە سەردانی هیچ وڵاتێك بكەن بێ وەرگرتنی ڤیزا.

سەرچاوە/ یۆرۆ تایمز




وشە - فه‌رمان سادق