وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕای دەگەیەنێت كە سەعات ١٢ی ئەمشەو، كاتی كارابوونی زانكۆلاین بۆ دەرچووانی خولی یەكەمی قۆناخی دوازدەی ئامادەیی تەواو دەبێت.
عەباس ئەكرەم گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەوەش كرد كە چیتر كاتی تۆماركردنی درێژ ناكرێتەوە، بۆیە داوای لەدەرچووانی خولی یەكەمی قۆناخی دوازدەی ئامادەیی كرد لەم چەند سەعاتەی ماوە پەلە بكەن لە داواكاری پێشكەشكردن لەڕێی زانكۆلاین.
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رای گەیاند، هەركاتێك ئەنجامەكانی خولی دووەمی قۆناخی 12ی ئامادەیی لەلایەن وەزارەتی پەروەردە بگات بە وەزارەتەكەیان، كاتی كارابوونی زانكۆلاین بۆ دەرچووانی خولی دووەم رادەگەیەنرێت.
رۆژی چوارشەم شەشی ئەیلوول لە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای وەرگرتن، كە بەسەرپەرشتی دكتۆر یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەڕێوە چوو. بڕیار درا لە سەعات پێنجی سەرلەئێوارەی هەمان رۆژ ماڵپەڕی زانكۆلاین بەناونیشانی (www.regayzanko.com) بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ و تا تا سەعات١٢ی شەوی ١٤/٩/٢٠١٧ بۆ دەرچووان كارا بكرێت.
ئەو داوای لە دەرچووان كرد بۆ بەدەستهێنانی ناوی بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) دەتوانن لە كاتی كارابوونی (زانكۆلاین) بەكۆدی تاقیكردنەوەكانی قۆناخی دوازدەی ئامادەیی بچنە ناو سیستەمی زانكۆلاین، دواتریش ژمارەی تەلەفۆنی خۆیان تۆمار بكەن و پاشانیش لەڕێی كورتە نامەیەكەوە ناوی بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد)یان بەدەست دەگات و دواتر دەتوانن بچنە ناو سیستەمی زانكۆلاین بۆ هەڵبژاردنی بەش و كۆلێژ و پەیمانگە لە زانكۆكان.