نەوەی چوار شەهیدی كوردستان كە لە ساڵی 1994 باوك و سێ مامی تری لە بەریتانیا تیرۆر كراوە، لەو وڵاتە گەڕانەوە كوردستان بە پۆستەری وێنەی باوكی هەردووكیان، ناوچەكانی كوردستان بەسەر دەكەنەوە و داوای پشتیوانی و بەڵێ بۆ ڕیفراندۆمی كوردستان دەكەن.
ژیلوان خاڵە حاجی، كوڕی شەهید محەمەد رەحیم ناسراو بە "خاڵەحاجی" كە هاوكات سێ مامی تریشی شەهید كراوە، لە دەرەوە بۆ كوردستان گەڕاوەتەوە و وێنەی باوكی و مامەكانی كە شەهید كراون لەسەر فلكێسێك چاپ كردووە، لە هەولێر و سلێمانی گوزەر دەكات و داوای پشتیوانی و بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە خەڵكی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان دەكات.
ژیلوان لەگەڵ پێشڕەوی ئامۆزای هاتوونەتەوە كوردستان و بەچڕی كار بۆ پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان لە ڕیفراندۆمی 25ی ئەم مانگە دەكەن، ئەو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بنەماڵەكەمان ئازار و مەینەتی ستەمكارانیان چەشتووە و لە پێناو سەربەخۆیی كوردستان چوار شەهیدمان بەخشیوە، بۆیە ئێمە لە گرنگی سەربەخۆبوون و ڕزگاری تێدەگەین و لەسەر ڕێچكەی ئەو شەهیدانەمان كە لە پێناوی سەربەخۆیی كوردستان گیانیان بەخشی، بەردەوام دەبین لە بانگەشەكردن بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە ڕیفراندۆمی 25ی ئەم مانگەدا.
هەڵەبجە/شەفیق بانیشاری.