CNBC ئەمەریكی باس لە دابەشبوونی عێراق دەكات

:: PM:04:51:16/09/2017 ‌

تەلەڤزیۆنی CNBC ئەمەریكی لە راپۆرتێكدا پێشبینی ئەوە دەكات دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێك، ببێتە دوو بەش و جەنگێكیش لەسەر نەوت دەست پێ بكات.

هەرێمی دەوڵەمەند بە نەوتی كوردستان كە كەوتووەتە باكوری عێراق، لە بەرنامەیدایە ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە ٢٥ی ئەم مانگە بەڕێوە بەرێت. ئەم هەنگاوە جۆرێك ترسی لە ناوچەكەدا دروست كردووە و بەشێك لەو مەترسییانەش پێوەندی بە كۆنترۆڵی نەوتی خاوەوە هەیە. 

لە هاوینی سالی ٢٠١٤ەوە كورد بە تەواوی كێڵگە نەوتییەكانی كەركووكی كۆنترۆڵ كردووە، رێك لەو كاتەوە داعش هاتە ناوچەكە و ویستی كەركووك داگیر بكات.

باكوری عێراق كە بە نەوت دەوڵەمەندە بەشێكە لە هەرێمی كورستان و كورد بە زێدی مێژوویی خۆی هەژماری دەكات. لە مێژە كورد هەوڵ دەدات ببێت بە خاوەنی دەوڵەتی خۆی و دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٣ هێزەكانی ئەمەریكا رژێمی بەعسیان رووخاند، ئەوان زیاتر بەرەو ئەو ئامانجە هەنگاویان نا.

 هەر یەك لە سوپای عێراق و هێزەكانی كورد لە دژی داعش جەنگاون و هەوڵیان داوە داعش لە ناوچەكانی خۆیان دوور بخەنەوە، بەڵام ئێستە ناكۆكی نێوان بەغدا و هەولێر خەریكە قووڵتر دەبێتەوە.

رۆژی سێشەمی رابردوو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ پاراستنی یەكپارچەیی عێراق هاتە راسپاردن كە هەموو هەنگاوێك بگرێتە بەر. هاوكات مەسعوود بارزانی رەتی كردەوە ریفراندۆم ببێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی هەڕەشە بۆ سەر وڵات دروست ببێت، بۆیە گوتی پێشوازی لە بەڕێوەبردنی ریفراندۆم دەكەن.

عێراق بە تایبەتی لە كەركووك بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ریفراندۆم نییە، ئەمە گوتەی ئەیهام كامیلە كە بەڕێوەبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقای گرووپی راوێژكاری ئوراسیایە. ئەو پێی وایە تەنگژەی هەرێمیی ئەگەری بەریەككەوتنی زیاتری هەیە.

ژمارەی دانیشتووانی كورد لە عێراق بە سەرووی شەش ملیۆن كەس دەخەمڵێنرێت  و لە و رووەوە ٢٠%ی ژمارەی دانیشتووانی عێراق پێك دەهێنێت و ناوچەكەیان كەوتووەتە باكوری عێراق.

كورد بەدوای سەربەخۆیییە و لانی كەم لە جەنگی یەكەمی جیهانییەوە خەون بە سەربەخۆیی دەبینێت، كاتێك وڵاتە داگیركەرەكان رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دابەش كرد، كورد وەك نەتەوەیەكی گەورە بەسەر چوار وڵاتی تردا دابەش كرا.

 وڵاتانی رۆژئاوا كە ئەڵمانیاش لەخۆ دەگرێت لەگەڵ ریفراندۆم نین و پێیان وایە ئەم هەنگاوە هەوڵەكان بۆ دژایەتیكردنی تیرۆر لە ناوچەكە لاوازتر دەكات. هەڵبەت ئەم هەنگاوە پاڵپشتی ئیسرائیلی هەیە و لە روانگەی خۆیەوە كورد بە هێزێك بەرامبەر بە هەژموونی ئێرانی و عەرەبی هەژمار دەكات.

دژبەرانی ریفراندۆم بەهۆی دراوسێكانی عێراق زیاتر بەرجەستە بووە كە بریتین لە هەر یەك لە وڵاتانی ئێران، توركیا  و سووریا  و بەهۆی ئەوەی لەو وڵاتانەش كورد هەن بۆیە زۆر لەو هەنگاوەی لە هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە ترسیان هەیە.


رێگەی سەرەكی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیایە و ئەو وڵاتە لەو رووەوە رۆڵێكی گرنگی هەیە و لە هەمان كاتدا توركیا لەو بڕیارەی كە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بۆ بەشداری لە ریفراندۆم دای نیگەرانە و بە مەترسیداری هەژمار كردووە.

كەركووك كە جێگەی ناكۆكی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدایە  و لە پرسی فرۆشتنی نەوتەكەی كێشەی لەگەڵ بەغدا هەیە و بەم بڕیارەش كێشەكان قووڵتر دەبنەوە.

گەورەترین كێشەی نێوان نێوان بەغدا و هەولێر بە بۆچوونی رێناد مەنسوور لێكۆڵەری عێراقیش هەر پرسی نەوتە و ئەو پێی وایە كورد پێویستی بە ئەمەریكا و بەریتانیایە و هەر جۆرە رووبەڕووبوونەوەیەك لەوانەیە كێشە بۆ ئەم هاوكارییانە دروست بكات.

بە گوتەی جەبار لعێبی  عێراق بە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێك هەژمار دەكرێت و رۆژانە چوار ملیۆن و ٣٢٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەكانی دنیا دەكات. حكوومەتی عێرق نازانێت چ بڕە نەوتێك لە هەرێمی كوردستانەوە هەناردە دەكرێت و بە گوێرەی راپۆرتەكان هەرێمی كوردستان ١٠%ی داهاتی نیشتیمانی عێراق پێك دەهێنێت و ئەگەر نرخی نەوت هەر لەم ئاستەدا بمێنێتەوە ئەوا بۆ كوردستان باش نییە كە پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت.

لە هەرێمی كوردستان كۆمەڵیك كۆمپانیای نێودەوڵەتیی بەناوبانگ كار دەكەن، بەگوێرەی راپۆرتەكەی CNBC  بە رێككەوتنێك كە لە ساڵی ٢٠١٢ لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای شێڤرۆن واژوو كرا، ئەو كۆمپانیایە لە بواری نەوتدا كار دەكات، رێككەوتنێك كە حكوومەتی بەغدا رەتی كردەوە و تەنانەت بە نایاسایی دانا و گوتی بە بێ رەزامەندی بەغدا، هەر كۆمپانیایەك لە كوردستان كار بكات ئەوا دەخرێتە لیستی رەشەوە.

گوتەبێژی شێڤرۆن بۆ تەلەڤزیۆنەكە دەڵێت لە هەر شوێنێك كار دەكات، حەزی لە هاوكاری و هاوئاهەنگییە و پرسی ریفراندۆمیش پێوەندی بەوانەوە نییە.

CNBC پێوەندی بە زۆرێك لەو كۆمپانیایانە كردووە كە لە عێراق و هەرێمی كوردستان كار دەكەن، لەوانەش  DNO، گۆلف كێیستۆن، بۆ ئەوەی بزانێت ریفراندۆم چ كاریگەرییەكی لەسەر چالاكییەكانیان دەبێت، بەڵام ئەوان وەڵامیان نەدایەوە یان بەردەست نەبوون.







وشە - سلێمان تاشان