بە مەبەستی زیاتر بایەخدان بە جوانكردنی شەقام و شوێنە گشتییەكانی هەولێری پایتەخت و بە مەبەستی رازاندنەوەی بە گوڵ و بۆ نزیكبوونەوە لە 25ـی ئەیلوول بەرەو هەڵبژاردنی ریفراندۆم، لەلایەن تیمەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پاركەكانی هەولێر دەست كرا بە ئەنجامدانی هەڵمەتەكانی چاندنی گوڵ.
ئەمڕۆ یەكشەم 17ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پاركەكانی هەولێر بڵاوی كردووەتەوە بەهۆی نزیكبوونەوەی 25ـی ئەیلوول هەڵدەستن بە چاندنی 300 هەزار گوڵ سەرەتاش لە چوارڕیانی سافی دەست كرا بە دروستكردنی تابلۆیەك لە گوڵی جۆری "قەدیفە" و "حەرف دیك" لە رەنگەكانی سۆر و زەرد كە لەناو تابلۆیەكە بە گوڵ نووسراوە "بەڵێ بۆ سەربەخۆیی".
لە بەشێكی بڵاوكراوەكە هاتووە، وەك سیمایەكی جوان و بۆ سەركەوتنی پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، لەو هەڵمەتەدا 300 هەزار گوڵ دەچێنرێ كە گوڵەكان بەرهەمی نەمامگەی نموونەیی خۆمانە بۆ ئەوەی بتوانین لەم وەرزەدا شەقام و پارك و باخچە و دوورگە ناوەندییەكانی پایتەخت بە جوانترین شێوە بە گوڵ برازێنینەوە بۆ میوانان و گەشتیاران و هاووڵاتییانی خۆشەویست.
ئێستە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان هاووڵاتییان و دامەزراوەكانی میری خەریكی ئاهەنگ و چالاكی جۆراوجۆرن بۆ پاڵپشتی سەربەخۆیی كوردستان.