شارى پیشه‌سازیى سلێمانى كه له ساڵى 2014ه‌وه مۆڵه‌تى وه‌رگیراوه، تا ئێسته 10%ى كاره‌كانى ئه‌نجام دراون، وه‌به‌رهێنانى سلێمانى ده‌ڵێت "گۆڕان هۆى ڕاگرتنى پڕۆژه‌كه‌یه"، چونكه پڕۆژه‌كه‌یان له وه‌به‌رهێنانه‌وه گواستووه‌ته‌وه بۆ وه‌زاره‌تى بازرگانى، ئه‌مه له كاتێكدا ئه‌و پڕۆژه‌یه 70 كارگه له خۆى ده‌گرێت و پێنج هه‌زار هه‌لى كار ده‌ڕه‌خسێنێت.
پڕۆژه‌ى شارى پیشه‌سازیى سلێمانى ده‌كه‌وێته نێوان عه‌ربه‌ت- سلێمانى و له‌سه‌ر ڕووبه‌رى دوو هه‌زار دۆنم زه‌وى جێبه‌جێ ده‌كرێت، پڕۆژه‌كه 70 كارگه له خۆى ده‌گرێت و بڕیاربوو هه‌شت كۆمپانیاى ناوخۆیى و ده‌ره‌كى ئیشى تێدا بكه‌ن، ئه‌مه جگه له بنكه‌ى گومرگى و ده‌یان یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون و وێستگه‌یه‌كى گه‌وره‌ى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با و ڕه‌خساندنى پێنج هه‌زار هه‌لى كار، سه‌رمایه‌ى پڕۆژه‌كه سێ ملیار دۆلاره، به‌ڵام ئه‌و پڕۆژه‌یه ئێسته كارى تێدا ناكرێت و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌هۆى ڕاگرتنى له قه‌ڵه‌م ده‌درێت.
فه‌رمان غه‌ریب به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى وه‌به‌رهێنانى سلێمانى، بۆ "وشه"ـى ڕوون كرده‌وه، هۆى وه‌ستانى ئه‌و پڕۆژه گرنگه ئه‌وه‌بوو، كاتێك گۆڕان ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان و وه‌زاره‌تى بازرگانى وه‌رگرت، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌یان خسته سه‌ر وه‌زاره‌تى بازرگانى و ئیتر كاره‌كانى وه‌ستا.
ئه‌و ده‌ڵێ، "چه‌ند جارێك وه‌زاره‌تى بازرگانیمان له وه‌ستانى كاره‌كه و ده‌ست پێكردنه‌وه ئاگادار كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام هیچ هه‌نگاوێكیان نه‌نا".
"ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌كه ته‌واو بكرێت، ژێرخانێكى پیشه‌سازى گه‌وره بۆ سلێمانى دروست ده‌بێت و پێنج هه‌زار هه‌لى كار ده‌ڕه‌خسێنێت و كه‌مترین پێویستیمان به كاڵاى هاورده‌كراو ده‌بێت". فه‌رمان غه‌ریب به‌و جۆره باسى له سووده‌كانى شاره پیشه‌سازییه‌كه كرد.
وا بڕیاره ئه‌گه‌ر ئه‌و شاره پیشه‌سازییه ته‌واو ببێت، 70%ى به‌رهه‌مه‌كانى بریتى بێت له خوارده‌مه‌نى و ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه كه‌ره‌سته‌ى بیناسازى، ئامێرى ته‌كنه‌لۆجى و ته‌نانه‌ت پارچه‌ى یه‌ده‌گى ئۆتۆمبێلیشى لێوه به‌رهه‌م بهێنرێت.
شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكى لیژنه‌ى پیشه‌سازى و وزه له په‌رله‌مانى كوردستان، هێماى بۆ ئه‌وه كرد، حكوومه‌تى هه‌رێم هیچ بایه‌خێك به‌و شاره پیشه‌سازییه نادات كه گرنگى زۆرى هه‌یه، به بیانووى ته‌نگژه‌ى دارایییه‌وه ڕاگیراوه.
جه‌وده‌ت به"وشه" ده‌ڵێ، "چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنان و وه‌زاره‌تى بازرگانى دانیشتووین و گرنگیى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌مان ڕوون كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام پشتگوێ‌یان خستووه و وه‌ڵامێكى باشى نه‌داوینه‌ته‌وه".
"وشه" زیاتر له جارێك پێوه‌ندى به ساماڵ عه‌بدوڵا وه‌زیرى بازرگانى حكوومه‌تى هه‌رێمه‌وه كرد له پشكى گۆڕان كه پێشتر به‌هۆى ناكۆكییه‌كانى نێوان پارتى و گۆڕانه‌وه، له‌گه‌ڵ وه‌زیره‌كانى تر‌ى حزبه‌كه‌ی له راییكردنى پۆسته‌كه‌ى دوور خراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ناوبراو وه‌ڵامى پێوه‌ندییه‌كانى نه‌دایه‌وه.
لاى خۆشیه‌وه یاسین مه‌حموود گوته‌بێژى یه‌كێتیى وه‌به‌رهێنه‌رانى كوردستان، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، ته‌نگژه‌ى دارایى پڕۆژه‌كه‌ى ڕاگرتووه و كۆمپانیاكانیش ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر گه‌ره‌نتى ته‌واوى خزمه‌تگوزارییه‌كان نه‌بێت، ئه‌وان كاره‌كان ناكه‌ن.
مه‌حموود ئه‌وه‌یشی گوت، "بڕیار وایه له دوو هه‌فته‌ى داهاتوودا ئه‌م كێشه‌یه یه‌كلا بكه‌ینه‌وه و كارێك بكه‌ین تا كاركردن له شارى پیشه‌سازیی سلێمانیدا ده‌ست پێ بكاته‌وه."
وه‌ك باس ده‌كرێت ئه‌گه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه ته‌واو بكرێت، چیتر ئه‌و مه‌ترسییه نامێنێت كه وڵاتانى دراوسێ به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ى پێ له كورد ده‌كه‌ن له‌باره‌ی داخستنى سنووره‌كان له‌سه‌ر كوردستان.
ئه‌نوه‌ر تاهیر جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، به"وشه"ـى ڕاگه‌یاند كه ئه‌وان ئاگادارى ئه‌و كێشه‌یه‌ن و به‌دواداچوونیشیان بۆ كردووه، به‌ڵام به‌گوته‌ی ئه‌و "حكوومه‌ت پێى ڕاگه‌یاندوین كه به‌هۆى ته‌نگژه‌ى دارایییه‌وه پڕۆژه‌كه وه‌ستاوه".
وشه/ سلێمانى- هه‌ستى كه‌مال