كۆمسیۆن: وادەی تۆماری قەوارە سیاسییەكان درێژ كرایەوە

:: PM:06:07:17/09/2017 ‌
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان وادەی تۆماركردنی ناوی قەوارە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی درێژ كردەوە، ئەوەش دوابەدوای كۆتاهاتنی ئەوە وادەیە لە 18ی ئەم مانگەدا.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ی ئەیلوول، بەپێی نووسراوێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان كە "وشە" وێنەیەكی بڵاو دەكاتەوە تێیدا هاتووە، بڕیار درا بە درێژكردنەوەی وادەی تۆماری قەوارە سیاسییەكان.

لە نووسراوەكەدا ڕوون كراوەتەوە، ئاگەداری سەرجەم قەوارە سیاسییەكان دەكەینەوە كە وادەی تۆماركردنی ناوی قەوارە سیاسییەكان درێژكراوەتەوە تا 28ی ئەیلوول.

ئەوە لە كاتێكدایەكە ئەمڕۆ گوتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاندبوو كە ئەگەر ئەنجوومەنی كۆمسیاران وادەكە درێژ نەكاتەوە، سبەی دوا وادەی تۆماركردنی ناوی قەوارە سیاسییەكان دەبێت.

سەرەتای ئەم مانگە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان وادەی تۆماركردنی ناوی قەوارە سیاسییەكانی بۆ هەڵبژاردن ڕاگەیاند و تا ئێستەش بەپێی ئەوەی بڵاو كراوەتەوە تەنیا یەك قەوارە پەسەند كراوە.

بڕیارە یەكی مانگی تشرینی دووەم هەڵبژاردنەكانی كوردستان بەڕێوە بچێت، ئەوەش دوا بەدوای ئەوەی كە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆمسیۆنی راسپارد بۆ ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكان.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم