خاڵە ماندی: وەستانەوە لە دژی ڕیفراندۆم خیانەتێكی گەورەیە

:: PM:06:49:17/09/2017 ‌
لە درێژەی هەڵمەتەكانی بانگەشەكردن و پاڵپشتیكردن لە پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی، نووسەرانیش بە سەرنج و تێبینی و ڕای خۆیان دەردەبڕن.

مەسعوود شێخوەسانی شاعیر ناسراو بە (خاڵە ماندی)، لە بارەی پاڵپشتیی ڕیفراندۆمەوە تایبەت بە "وشە"ی ڕاگەیاند: "وەستانەوە لە دژی ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی بەرەی نەخێر، لۆژیك پێمان دەڵێ: كە ئەمە خیانەتێكی گەورەیە، چونكە پرسێكە بە هەردوو دیوی كورد سوودی لێ دەبینێت و جێگەی هیچ شرۆڤەیەكی تری تێدا نابێتەوە.

ئەگەر ڕیفراندۆم بكرێ ئەوا بەدڵنیایییەوە لەخۆڕا ئەو هەنگاوە نانرێت و لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە كاری بۆ كراوە و دبلۆماسییانە زەمینەی بۆ ڕەخسێنراوە و هاوكێشەیەكی ناتەواو هەیە بەبێ كورد تەواو نابێ، بۆیە دەبێ كورد بڕیاری تەواوكردنی ئەو هاوكێشە زەمینە بۆ ڕەخسێنراوە بدات، بەرژەوەندی ئابووریش، كە دڵی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانە، وا دەكات هیچ وڵاتێك بە ئاشكرا پشتگیری ڕیفراندۆم نەكات و كەس زیانی دوو دۆلار بۆ بەدەستهێنانی دۆلارێك لە خۆی نادات و كەسیش بەهۆی هەبوونی دوو دۆلار لە دۆلاری سێیەم خۆشنابێ و پێوەندییە دبلۆماسییەكان میكانیزمی بەدەستهێنانی دۆلاری سێیەم دیاری دەكەن.

دەبێ ئەو هەلە بقۆزینەوە و ئیرادەی سوود لێوەرگرتنمان هەبێ، ئاماژەكانی سەركەوتنی ڕیفراندۆم زۆر زیاترن لە ئاماژەكانی شكستهێنانی، ئەمە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لەسەر ئاستی نێوخۆیی وڵات، تەنیا یەكگرتنمان ئەو هاوكێشەیە تەواوتر دەكات، ناكرێت هەڵامەت مەترسیدارتر پێشان بدەین لە شێرپەنجە، مرۆڤ لە بەردەمی شێرپەنجە و هەڵامەت بیر لە چارەسەركردنی یەكەمیان دەكاتەوە و ئەوانەی هەڵامەت لە شێرپەنجە مەترسیدارتر پێشان دەدەن یان نەخۆشییەكان ناناسن، یان بزنس بە دەرمانی دژە هەڵامەت دەكەن."

خاڵە ماندی زیاتر گوتی: "ئەوەی بۆ من جێگەی داخە، شەرمنی و دوورەپەرێزی هەندێ نووسەر و ڕووناكبیرە، كە هێشتە پاڵەپەستۆی كۆمەڵایەتییان لەسەرە و ناوێرن ڕای خۆیان بەیان بكەن و پشتگیری ئەو پڕۆسەیە چارەنووسسازە گومان هەڵنەگرە بكەن، هێشتە نەیانتوانیوە بە ڕاستەقینەیی، خۆیان بن. بەداخەوە ئەوانەی دژی ڕیفراندۆمن بێ شەرمترن لەوانەی پشتگیری لە ڕیفراندۆم دەكەن، بۆیە كاتی ئەوەیە كە هەموومان پشتگیری لە ڕیفراندۆم بكەین و دەنگی بەڵێ سەربخەین، بەداخەوە دەمارگیری و یەكتر ڕەتكردنەوە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی، كە دەیبینین، كات دەڕوا و ئایندەش پێمان دەڵێ: كێ شایەنی شكۆمەندی بوو، كێ لە گەورەترین هەنگاو و قۆناغ، كە كوردستان پێویستی پێی بوو، پشتی لە كوردستان كرد و بەشداری گەورەترین و پیرۆزترین تۆماری خەباتی نەكرد."



وشە - ژیڤان خۆرانی