ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە

:: PM:09:52:17/09/2017 ‌
بڕیارە ڕۆژی سێشەم 19ی ئەیلوول ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە گفتوگۆ لەبارەی سێ‌ تەوەرەوە بكرێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم 17ی ئەیلوول، نووری عوسمان بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی بەدوداچوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بڕیارە پێش نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەم حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە.

زیاتر گوتی، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران سێ‌ تەوەر لەخۆ دەگرێت كە تەوەر پێوەست بە ڕاپۆرتی وەزارەتی شارەوانی و تێیدا سیستەم و پێڕەوێكی تایبەت بە دامەزراندنی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان دەخرێتە ڕوو.

ئاماژەی بەوە كرد كە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە تایبەتە بە ڕاپۆرتێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی  كە داوای كردووە گۆڕانكاری لە بڕی باج و ڕسووماتدا بكرێت، تەوەری سێیەمی كۆبونەوەكەش، پێوەستە بەتووتن و جگەرە و شێوازی هاوردەكردنی و بەرەهەمهێنانی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا دەبێت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پێی بڕیاری پێشووی دەبوو دوو هەفتە جارێك كۆ ببێتەوە، بەڵام ئێستە زیاتر لە مانگێكە هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجام نەداوە.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم