لودویگ ئەندەرباس فیورباخ لە ٢٨ی تەموزی ساڵی ١٨٠٤ لە ناوچەی لاندشوتی باڤاریا، كە ئێستا بەشێكە لە ئەڵمانیا هاتووەتە دنیاوە. لە سەرەتای ژیانییەوە کاتۆلیکی بوو، بەلام دواجار تەنیا لەسەر مەزهەوی پڕۆتستانتی گەورە بوو. لە قۆناغی ئامادەیی بوو، کاتێ گرنگیی بە ئایین دا.
باوکی ناوی پۆڵ یوهان ئەنسلم فیورباخ، فەقێیەكی لیبراڵ و بەنێوبانگ بوو، ئەو بۆ یەكەمجار توانی یاسای سزادانی بەنێوبانگی باپارییا دابنێت. دایكو باوكی فیورباخ روودەكەنە میونخ و لەوێ نیشتەجێدەبن.
ئیدی لەوێ فیورباخ پێدەگات و دەنێردرێتە بەر قوتابخانە. پاشان ساڵی ١٨٢٣ بۆ یەكەمجار پێدەنێتە نێو زانكۆی هایدربیرج و دەبێتە خوێندكاری زانكۆ، بۆ خوێندنی ئایینی پڕۆتستانتی، بەڵام پاش ساڵێك ئەو زانكۆیە جێدەهێڵێت و بە مەبەستی خوێندنی فەلسەفە ڕوو دەكاتە زانكۆی بەرلین، ئەوكاتە لەژێر كاریگەریی لاهوتناسیی شلیرماغر بوو، هەروەها دەیویست ئامادەی كۆڕ و موحازەرەكانی فەیلەسوفی بەنێوبانگی ئەوقۆناغە هیگڵ ببێت.
لودویگ فیورباخ فەیلەسووفی ئەڵمانی سەدەی نۆزدەیەم (١٨٠٤-١٨٧٢) لە خوێندكارانی هیگڵ و بەرجەستەترین نوێنەری فكری كۆمەڵەی فەلسەفی ناسراو بە (هیگڵە چەپەكان) بوو.
گرنگترین دەق و وتارەكانی فیورباخ، كە ساڵەكانی نێوان ١٨٣٩ بۆ ١٨٤٥ لە لایەن خۆیەوە بڵاوكراونەتەوە، لەژێر ناوی مانیفێستە فەلسەفییەكاندا كۆی كردوونەتەوە: دەروازەیەك بۆ هەڵسەنگاندنی فەلسەفەی هیگل ١٨٤١، پێشەكییەك لە سەر زاتی مەسیحییەت ١٨٤١، تێزە كاتییەكان بۆ چاكسازیی فەلسەفە ١٨٤٢، بنەماكانی فەلسەفەی ئایندە ١٨٤٣، دەروازەیەك بۆ دووەم پێداچوونەوەی زاتی مەسیحییەت ١٨٤٣ و وتارێك بۆ وەڵام دانەوەی هێرشەكانی شتێرنەر ١٨٤٥. ئەم كۆمەڵە وتارە، سەرجەم بەرهەمەكانی فیورباخ لە نێوان ١٨٣٩-١٨٤٥ لە خۆ ناگرێت، بەڵام خاڵە پێویستەكانی هزری ئەو بە درێژایی ئەم ساڵە مێژوویییانە، دەنوێنێتەوە.
لە هاوینی ساڵی ١٨٤٨دا، گەڕاوە بۆ هایدلبێرج، لە سەر داوای قوتابییەکانی خۆی لە زانکۆی هایدلبێرج، بۆ گوتنەوەی ٣٠ وانەی فەلسەفەی کراوەی دین. تا ئازاری ساڵی ١٨٤٩ بەردەوام بوو، سەرئەنجام کتێبی (جەوهەری دین)ی نووسی. قوتابییەکانی ئاواتەخواز بوون، فاکەڵتی زانینی زانکۆی هایدربێرج دابمەزرێنیت، بەڵام دەستەی بەڕێوەبەرانی زانکۆ بەتوندی پێشیان لێی گرت و هەموو یارمەتییەکیان لێی بڕی. ڕاستەخۆ کاریگەریی لەسەر پیاوی کڵێسادا دروست کرد، بڕیاردرا هیچیتر وانە لە هۆڵەکەیدا نەڵێتەوە، بەلام ئەو هۆڵی شارەوانی بۆ ئەم مەبەستەی بەکار دەهێنا.
فیورباخ ژمارە و کەسایەتی گوێگرانی وانەکانی (محازەڕە) زیادی کرد، ژمارەیان گەیشتە نزیکەی ٢٥٠ گوێگر، لەنێوان قوتابیانی زانکۆ و هاوڵاتیانی دەرەوەی زانکۆدا. لە کۆتاییدا فیورباخ هەر ٣٠ وانەکەی لە کتێبێکدا، کە لە ساڵی ١٨٥١دا لە هەشت بەش نووسی، بەناوی (وانەکانی جەوهەری دین) کۆ کردەوە.
لە ساڵی ١٨٥٩دا، کارگەکەی لە بڕۆکبۆرگدا بە هەموو شێوەیەک داڕووخانی بەخۆیەوە بینی، کە هیی خۆی و ژنەکەی فیورباخ بوو، بەم هۆیەوە هەموو شتێکیان لە دەست دا و تا گەیشتە ئەوەی لەو خانووەی لێی نیشتجێ بووبوون، لەویش دەرکران، پاش ئەو هەواڵە ناخۆشە، گەڕانەوە ئەو خانووەی، کە لە ڕیچنبێرگ بوو، نزیک نوڕێنبێرگ.
ئەوکات هاوڕێکانی لە کاتی شۆڕشدا، یارمەتییان دا، ناوماڵ و گواستنەوەی ماڵەکەیان گرتە ئەستۆ، مانگانەیان بۆ بڕییەوە، ئەمەش بەهۆی کۆمەکی کۆکردنەوەوە بوو. ئەودەم ژمارەی نووسینەکانی بە ڕادەیەکی زۆر کەمیان کرد، هەمووی لە ژمارەیەک وتاردا کورت کردەوە، لە بابەتەکانی ڕووحی و مادی و سەرپشکی هەڵبژاردن.
شەڕی نیوان پڕوسیا و نەمسا لە ساڵی ١٨٦٦دا ناوچەکەی هەژاند. فیورباخ پێچەوانەی ئەدگاری خۆی گەنگیی بە باردودۆخی سیاسیی دا. هەمان کات پڕۆژەی پسمارکی یەکێتی ڕەت کردەوە، چونکە نەیدەویست خەڵک بە زۆردارانە ئازادی زەوت بکرێ. لە هەمان کاتدا، توێژینەوەی لەسەر بەرگی یەکەمی کتێبی (سەرمایەی مارکس)دا کرد، وەک چۆن لەگەڵ دڵنیایی دڵنیایی سالانە ڕێکی خست.
لە ساڵی ١٨٦٨دا، دەستی بە نووسینی کتێبی (ئەخلاق و سەرپشکی هەڵبژاردن)کرد، بەلام تەواوی نەکرد. لە ساڵی ١٨٦٩دا پێوەندی بە حیزبی کرێکارانی کۆمەڵایەتی دیموکراتی کرد، ئەمەش وەڵام دانەوەی هاوڕێیەتی بوو، بۆ چەند هاوڕێیەکی خۆی.
دواجار فیورباخ لە شاری نۆرمبێرگی وڵاتی ئەڵمانیا، بە دەردی سەكتەیەكی دەماخییەوە, كە ساڵی ١٨٧٠ لێیدا تلایەوە و پاش دوو ساڵ بەو گرفتارییەوە و لە١٣ی سێبتێمبەری ساڵی ١٨٧٢ بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان كرد.