لە هەولێر باندێكی هەڵخەڵەتاندنی خه‌ڵك گیران

:: AM:08:44:18/09/2017 ‌

بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی چواری شاری هەولێر ئاشكرای كرد، توانیویانە باندێكی فێڵكردن و بەزۆر كڕینی كاڵای خۆیان لەلایەن خەڵكەوە، لە هەولێر بگرن و ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بگرنەبەر.

لە ڕاگەیەنراوێكی شارەوانی چواری شاری هەولێر هاتووە، داوا لە هاووڵاتییانی خۆشەویست دەكەین بەرچاوڕوون و ئاگەدار بن، چەند ڕۆژێكە گوێبیستی دابەشكردنی كیسی نایلۆنی زبڵ لە چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر دەبین، كە لەلایەن گرووپێكەوە پارە لە بەرامبەر پێدانی كیسی نایلۆنی زبڵ لە خەڵك وەردەگیرێ، ئەمەش بە تەواوی كارێكی نایاسایییە و سەرپێچی ڕێنوێنییەكانە.

ئاماژەی داوە، دوای بەدواداچوونێكی ورد ئەمڕۆ توانرا بارەگای سەرەكی ئەو گرووپە كە ئەم كارە دەكەن، بدۆزرێتەوە و دەسبەجێ ڕێكاری یاسایییان بەرامبەر گیراوەتە بەر، ئاگەداری تەواوی هاووڵاتییان دەكەینەوە لە كاتی بینینی ئەو جۆرە كەسانە و ئەو دیاردە نایاسایییانە پێوەندی بە قایمقامییەتی ناوەندی هەولێر و لایەنە پێوەندارەكان بكەن، بۆ ئەوەی ئەو گرووپ و كەسانە بخرێنە ژێر حوكمی یاسا.

جێی باسە، ئەو گرووپە كیسی نایلۆنی زبڵیان لە گەڕەكەكانی هەولێر بە خەڵك فرۆشتووە و كڕینیشیان كردووەتە ناچاری بەناوی شارەوانییەوە قسەیان لەگەڵ خەڵك كردووە، ئەمەش لە كاتێكدایە دوور و نزیك پێوەندییان بە شارەوانییەكانی هەولێرەوە نەبووە، بگرە بۆ قازانج و فرۆشتنی زۆرترینی ئەو كیسانەی هێناویانە بە شێوەیەكی نایاسایی ناوی شارەوانییەكانیان بەكار هێناوە.











وشە - باز ئه‌حمه‌د