رۆسنەفت كە یەكێك لە كۆمپانیا گەورەكانی رووسیایە، لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنانی
كردووە و ئێستەش لە گرێبەستێكی نوێدا وەبەرهێنانەكەی زیاتر پەرە پێ دەدات.
ئەو گرێبەستە نوێیە لە كاتێكدا دەكرێت كە هەرێمی كوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی
بەڕێوە دەبات، ئەو كۆمپانیایە گرێبەستێكی نوێی واژوو كردووە كە بەگوێرەی ئەو گرێبەستە،
هێڵی گاز لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو توركیا رادەكێشرێت و لەوێشەوە هەناردەی بازاڕەكانی
ئەوروپا دەكرێت.
بەگوێرەی ماڵپەڕی hindustantimes هەرێمی كوردستان لە 2014ەوە بە شێوەیەكی
سەربەخۆ نەوتەكەی هەناردەی بازاڕەكانی دنیا دەكات و ئەمساڵیش كۆمپانیای رۆسنەفت كە
گەورەترین كۆمپانیای بواری وزەی رووسیایە و حكوومەتی رووسیا پشكێكی گەورەی لە كۆمپانیاكەدا
هەیە، بوو بە یەكێك لە كڕیارە سەرەكییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكە سەدان
ملیۆن دۆلار وەك گەرەنتی بە هەرێمی كوردستان دەدات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا نەوت بو كۆمپانیایە
دابین بكرێت.
ئێستە كۆمپانیای رۆسنەفت گرێبەستەكەی بەرفراوانتر كردووە و ئەم جارەیان لە
بواری گازدایە و دەیەوێت بە لوولەیەكی تایبەتی گازی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكانی
دنیا بگوازێتەوە. دوو سەرچاوەی ئاگادار لە گرێبەستەكە دەڵێن قەبارەی وەبەرهێنانی ئەو
گرێبەستە نوێیە دەگاتە یەك ملیار دۆلار.
بە گوتەی سەرچاوەكە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە 25ی ئەم مانگەدا ریفراندۆمی
سەربەخۆیی بەڕێوە دەبات و دەیەوێت رێی خۆی لە بەغدا جیا بكاتەوە، ئەمەش دوای چەندان
ساڵ لە ناكۆكی ئەو دوو لایەنە لەسەر پرسی بودجە و فرۆشتنی نەوت دێت.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لەگەڵ چەكدارانی داعش لەجەنگدایە و پێویستی بە
بودجە هەیە، چونكە ئەو هەرێمە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت تووشی تەنگژەی دارایی بووە.
هەرێمی كوردستان هەوڵی ئەنجامدانی ئەو جۆرە گرێبەستانە دەدات كە بەر لە فرۆشتنی
بەرهەمەكە پارەكەی وەربگرێت و بەهۆیەوە بتوانێت كورتهێنانی بودجەكەی پڕ بكاتەوە و تەنگژە
دارایییەكەی نەهێڵێت. هاوكات هەوڵی داوە كێڵگە گەورەكانی بواری گازی خۆی پەرە پێ بدات
كە پێویستی بە وەبەرهێنانی زیاتر لە درێژخایەندا هەیە.
هاتنی رۆسنەفت بۆ هەرێمی كوردستان هەنگاوەكانی ئەو جۆرە پەرەپێدانە لە كەرتی
گاز زۆر خێراتر دەكات، كە پێشتر لە لایەن كۆمپانیای مامناوەندییەوە هەوڵی پەرەپێدانیان
دراوە.
بۆ كۆمپانیای رۆسنەفت كە یەكێكە لە گەورەترین كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوتی
دنیا، ئەم جۆرە گرێبەستانە پەرەپێدانی توانای كۆمپانیاكە و گەیشتن بەو خەونانەیە كۆمپانیاكە
لە بواری گازدا لە ئاستی جیهانیدا هەیەتی.
رۆسنەفت ساڵانێكی زۆرە دەیەوێت ركابەری گازپرۆم بكات كە وەك هەناردەكەرێكی
سەرەكیی گازی رووسیا بەرەو ئەوروپا هەژمار دەكرێت.
بۆ توركیا دۆزینەوەی سەرچاوەیەكی نوێ لە دابینكردنی وزە بۆ ئەو وڵاتە كە بە
تەواوی پێویستی بە كڕینی وزە هەیە، زۆر گرنگە و لە لایەكی تریش ئەو وڵاتە دەبێت بە
سەنتەرێكی گرنگ بۆ گواستنەوەی گاز بۆ ئەوروپا.
توانای ئەو لوولە گازە بڕیارە لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو توركیا رابكێشرێت،
ساڵانە دەگاتە ٣٠ ملیار مەتر سێجا جگە لەو بەرهەمەی بۆ گازی ماڵان دابین دەكرێت. هاوكات
هەرێمی كوردستان بە یەكێك لە گەورەترین سەرچاوەكانی دابینكردنی گاز هەژمار دەكرێت كە
لە ئەوروپا نزیكە.
رۆسنەفت یارمەتی هەرێمی كوردستان دەدات تا بیكات بە یەكێك لە گرنگترین بازاڕەكانی
هەناردەكردنی گاز و لەو رێیەوە ٦%ی پێداویستی ئەوروپا بە گاز دابین بكات كە دەكاتە
یەك لەسەر شەشی ئەو گازەی رووسیا بۆ بازاڕەكانی ئەوروپا دەینێرێت. هێشتا رووسیا بە
گەورەترین هەناردەكەری گازی بۆ ئەوروپا هەژمار دەكرێت.
بەگوێرەی ئەو گرێبەستە نوێیەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیای رۆسنەفتدا
واژووی كردووە. تا ساڵی ٢٠١٩ گرێبەستەكە جێبەجێ دەكرێت و لە ناوخۆی كوردستان بەرهەمهێنان
دەست پێ دەكات و لە ساڵی ٢٠٢٠یش بە فەرمی دەست بە هەناردەكردن دەكات.
رۆسنەفت لەم دواییانە لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێك كەوتووە تا پارەی پێشەكی
پێ بدات بۆ كڕینی نەوت لەو هەرێمە لە داهاتوودا و هاوكات بڕیاری داوە ژێرخانی نەوتی
كوردستان پەرە پێ بدات. هەرێمی كوردستان كار بۆ ئەوە دەكات ئاستی هەناردەی نەوتەكەی
تا سێ ساڵی داهاتوو لە ٦٥٠ هەزار بەرمیلەوە بگەیەنێتە یەك ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.
هەرێمی كوردستان چەند رۆژێكی تر ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوە دەبات و ئەو
ریفراندۆمەش لە لایەن هەندێك وڵاتەوە دژایەتی دەكرێت، بەشداریكردنی كۆمپانیایەكی زەبەلاحی
بواری وزەی رووسیا لەم كاتەدا و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان ئەو راستییە دەردەخات
كە هەرێمی كوردستان ئەگەر لە ریفراندۆمدا نەیاری هەبێت، ئەوا ژمارەی دۆستەكانیشی كەم
نین.