ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بڕیارێكی تر دژ بە كەركووك دەردەكات

:: AM:10:49:18/09/2017 ‌

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پلانێكی تری دژ بە كورد و كەركووك لەبەرنامەدایە كە ئەمڕۆ كەركووك بە دەسەڵاتی سەربازیی بسپێرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 18ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەی سەرۆك فڕاكسیۆنەكان و سەرۆكی ئەنجوومەن داوامانكردووە هیچ بەرنامەیەك نەخرێتە ناو دانیشتنەكە تا ئێمەش بەشدار بین.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ سەرۆك فڕاكسیۆنەكانی كورد كۆدەبنەوە و بڕیار دەدەن بەشداری دانیشتنەكە بكەن یان نا، چونكە ئەوەی ئێمە زانیومانە بەنیازن داواكارییەكی بەپەلە بخرێتە ناو دانیشتنەكە و كەركووك بدرێت بە كەسایەتییەكی سەربازی بۆ بەڕێوەبردنی شارەكە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، ئەو بڕیارانەی دژ بە كورد بەردەوامی هەیە و واژوو كۆكردنەوەشبەردەوامە بۆ سەندنەوەی متمانە لە بەرپرسەكانی كورد لە بەغدا و جێبەجێكدرنی پلانەكانیان دژی كورد.

هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق چەند بڕیارێكی دژی كورد دەركرد، تیایدا سەرجەم فڕاكسیۆنە كوردییەكان دانیشتنەكانیان جێهێشت، ئەمەش وەك ناڕەزایەتییەك كە بەگوتەی ئەندامانی ئەنجوومەن، ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران تەواو نەبوو، كەچی بڕیارەكان بەڕێكران.

ئێستە هەرێمی كوردستان تەنیا چەند ڕۆژێكی ماوە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و جیابوونەوەی لە عێراق، ئەمەش بەرپرسانی عەرەبی نیگەران كردووە و هەموو بڕیارێك دژی كورد دەردەكەن بۆ ئەوەی كورد ڕابگرن لە بڕیاری جیابوونەوە لە عێراق.



وشە - رامیار جەواد