ریال مەدرید بە یارییەكی تر ژمارەیەكی پێوانەیی مێژوویی دەشكێنێ
شەوی رابردوو یانەی ریال مەدرید بە ئەنجامی 1-3 گۆڵ لە یانەی ریال سۆسیدادی بردەوە و تاڕادەیەك جیاوازی خاڵەكانی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەی ركابەری لە خولی ئیسپانیا كەم كردەوە.
یارییەكە دوێنێ یەكشەم لەگەڕی 4ی خولی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی ئەنویتا بەڕێوە چوو و تێیدا یانەی ریال مەدرید بە ئەنجامی 1-3 گۆڵ یارییەكەی بردەوە.
گۆڵی یەكەمی یانەی ریال مەدرید لەلایەن یاریزانی نوێی یانەكە بۆرخا مایۆرال 19 هاتە تۆماركردن، دوای 10 خولەك كیڤن رۆدریگیزی بەرگریكاری پورتوگالی گۆڵی یەكسانبوونی یارییەكەی تۆمار كردەوە، دواتر لە خولەكی 36 هەمان یاریزان بە هەڵە گۆڵێكی لە تیپەكەیانی تۆمار كرد و یانەی ریال مەدریدی لە گێمی یەكەمدا بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ پێش خست.
لە گێمی دووەمیشدا یانەی ریال مەدرید لە پێشكەشكردنی ئاستەبەرزەكەی بەردەوام بوو تا لە خولەكی 61 ئەستێرەی ویڵزی گاریس بێڵ توانی گۆڵی سێیەم بۆ یانەكەی تۆمار بكات و هەر بەم ئەنجامەش یارییەكە بۆ بەرژەوەندی یانەی شاهانە بەكۆتا هات.
یانەی ریال مەدرید بەم سەركەوتنە كۆی ئەو یارییانەی كە تا ئێستا لەسەریەك گۆڵی تۆمار كردبێت كردە 73 یاریی و بەمەش ژمارە پێوانەییەكەی یانەی سانتۆسی بەڕازیلی یەكسان كردەوە.
یانەی ریال مەدرید ئەگەر لە یاریی داهاتوویدا بتوانێ گۆڵ تۆمار بكات، ئەوا ژمارەیەكی پێوانەیی نوێ لە مێژووی تۆپی پێدا تۆمار دەكات و دەبێتە یەكەم یانە لە زۆرترین یارییدا لەسەریەك گۆڵ تۆمار بكات.
وشە -
ئامانج ئهكرهم