گۆڕان و كۆمەڵ بۆ باشكردنی ژیان و مووچەی خەڵكیش ناچنە پەرلەمان

:: PM:12:02:18/09/2017 ‌

بەمەبەستی لابردنی پاشەكەوتی مووچە لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی لیژنە تایبەتەكانی پەرلەمانی كوردستان لە كۆبوونەوەدان، فراكسیۆنی گۆڕان و كۆمەڵیش كە بەردەوام لە میدیاكان بانگەشە بۆ هەوڵدان بۆ باشتركردنی بژێوی خەڵكی كوردستان دەكەن، بەڵام بەشدار نین و ناچنە پەرلەمان.

ئەمڕۆ دووشەم 18ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، بەهار عەبدوڕەحمان ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای یەكەمین دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان، ئێستە یەكەمین كاری ئێمە بریتی دەبێت لە هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، بە یاداشتێك ئەو داوایەمان پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كردووە بۆ دانیشتنی داهاتوو كە كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بخرێتە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆش لیژنە تایبەتەكان بەرنامەیەك بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ سەرۆكایەتیی پەرلەمان دادەنێن.

ئەو پەرلەمانتارەی كوردستان ئاشكرای كرد، ئەو پاشەكەوتە دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە، چونكە نایاسایییە و پێویستە مووچەخۆران پێداچوونەوە بە پاشەكەوتی مووچەكەیان بكرێت، بۆ ئەوەی مووچەیان چاك بكرێت و لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان بە یاسا سیستەمی نوێی مووچە دەردەكرێ.

دوای كارابوونەوەی پەرلەمانی كوردستان، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئێستە هەوڵی پێداچوونەوە بە پاشەكەوتی مووچە بە پێویست دەزانن و ئێستە چەند فراكسیۆنێكی پەرلەمانی كوردستان كار دەكەن بۆ دەرچوونی یاسایەك بۆ هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی پەرلەمان، تەنیا گۆڕان و كۆمەڵ بەشدار نین.



وشە - رامیار جەواد