ریال مەدرید هەنگاوەكانی بۆ رازيكردنى ڤێرنەر دەست پێ كرد

:: PM:12:13:18/09/2017 ‌

رۆژنامەكانی ئیسپانیا بڵاویان كردەوە، یانەی ریال مەدرید دەستی بە هەنگاوەكانی گرێبەستكردن لەگەڵ تیمۆ ڤێرنەری هێرشبەری یانەی لایپزیگی ئەڵمانی دەست پێ كرد.

یانەی ریال مەدرید ماوەیەكە هەوڵی هێنانی هێرشبەرێكی نوێ دەدات بۆ پڕكردنەوەی شوێنی ئەلڤارۆ مۆراتا كە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوودا فرۆشتنی بە یانەی چێڵسی ئینگلیزی.

ئاماژەیان بەوەشدا كە زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید بە ئاستی ڤێرنەر سەرسامە كە لە چوار یاریی رابردووی ئەم وەرزەی خولی ئەڵمانیادا توانیویەتی 4 گۆڵ تۆمار بكات.

سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید باش دەزانێ هەوڵەكانی گرێبەستكردن لەگەڵ ڤێرنەر ئاسان نابێت بەتایبەت كە ئێستا چەندان گەورە یانەی تر هەوڵی بۆ دەدەن لەوانەش مانچستەر سیتی و لێڤەرپوولی ئینگلیزی.

رۆژنامەكانی ئیسپانیا هەروەها ئاماژەیان بەوەشدا كە یانەی ریال مەدرید بەفەرمی دەستی بە هەنگاوەكانی رازیكردنی ڤێرنەر داوە بۆ ئەوەی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا بیباتە تیپەكەیەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە ڤیرنەری تەمەن 21 ساڵ پێشتر رایگەیاندبوو پێشوازی لە گرینگیدانەكانی یانەی ریال مەدرید دەكات و نەشی شاردبووەوە كە هەموو یاریزانێك ئارەزووی یاریكردنی لە ریزی ئەو یانە گەورەیەدا هەیە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م