بزانە لە ماوەی 30 رۆژدا داهاتی فرۆشتنی درێسی نیمار چەند بووە؟

:: PM:01:17:18/09/2017 ‌

یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی لە ماوەی 30 رۆژدا ژمارەیەكی زەبەلاحی لە درێسی تایبەت بە نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی فرۆشتووە كە 120 هەزاری تێپەڕاندووە.

رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: یانەی پاریس سان جێمان لە یەكەم 30 رۆژی دوای كڕینی نیمار لە یانەی بەرشەلۆنە، زیاتر لە 120 هەزار درێسی ئەو ئەستێرەیەی فرۆشتووە و قازانجەكەشی برێتی بووە لە 7.8 ملیۆن پاوەن، هەروەها لە یەكەم رۆژی گرێبەستەكەشیدا 10 هەزار درێسی فرۆشتبوو.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا كە دوای هاتنی نیمار و بەبەراورد لەگەڵ پارساڵدا رێژەی فرۆشتنی درێسەكانی یانەی پاریس سان جێرمان 75% زیادی كردووە، بێگومان ئەم قازانجە داراییە گەورەش هەمووی بۆ هاتنی ئەستێرە بەڕازیلییەكە دەگەڕێتەوە.

سەرچاوە ئینگلیزییەكە ئاماژەی بەوەشدا كە چاوەڕوان دەكرێ بەهۆی هاتنی كیلیان مباپێ لە یانەی مۆناكۆوە بۆ یانەی پاریس سان جێرمان، داهاتی ئەو یانەیە لە فرۆشتنی درێسەكانی ئەمساڵدا زیاتریش ببێت.

نیمار لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوو بە گرێبەستێك كە بەهاكەی 222 ملیۆن یۆرۆ بوو لە یانەی بەرشەلۆنە پەیوەندی بە یانەی پاریس سان جێرمانەوە كرد و بەمەش ئەم ئەستێرەیە بووە گرانترین یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا.

یانەكە هەر دوای ئەم گرێبەستە، مباپێشی بەشێوەی خواستن هێنایە یانەكەیەوە و بڕیاریشە بۆ وەرزی داهاتوو بە 180 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی یەكجاری لەگەڵدا ئیمزا بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م