نهێنییەك لەسەر پێكانەكەی دێمبێلێ ئاشكرا كرا

:: PM:01:38:18/09/2017 ‌

رۆژنامەیەكی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە عوسمان دێمبێلێی ئەستێرەی فڕەنسی هەر لە سەرەتای پەیوەندیكردنی بە یانەی بەرشەلۆنەوە ئازاری لە رانیدا هەبووە و یانە كەتەلۆنییەكە هەستی بەوە نەكردووە.

دێمبێلێ لە دوا ساتەكانی ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوودا بە بەهای 105 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە كرد، بەمەش بووە گرانترین یاریزان لە مێژووی یانە كەتەلۆنییەكەدا.

دێمبێلێ دوای ئەنجامدانی 3 یاریی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە، شەمووی رابردوو لە گەڕی چواری خولی ئیسپانیا دوای یاریكردنی بۆ ماوەی 29 خولەك بەرامبەر یانەی خیتافی تووشی پێكانی قورسی پچڕانی ماسوولكەكانی رانی هات.

بڕیارە سبەی سێشەم یانەی بەرشەلۆنە لە فینلەندا نەشتەرگەری بۆ رانی دێمبێلێ ئەنجام بدات و بەو هۆیەشەوە ماوەی 3 تا 4 مانگ لە یاریكردن دوور دەكەوێتەوە.

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: دیمبێلێ هەر لەیەكەم مەشق و راهێنانەكانی یانەی بەرشەلۆنەدا لە رۆژی 7ی ئەم مانگەدا هەستی بە ئازارەكانی رانی كردووە، بەڵام هیچ كەسێكی لەو ئازارە ئاگادار نەكردووەتەوە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا كە دێمبێلێ لە هەرسێ یارییەكەی رابردوویدا لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە ئازاری هەبووە، بەڵام هەر لە یاریكردن بەردەوام بووە و نەیویستووە ئەو هەلە زێڕین و خەونە گەورەیەی یاریكردن لەگەڵ یانەكەدا لەدەست بدات.

دێمبێلێ لە یاریی بەرامبەر یانەی ئیسپانیۆل لە خولی ئیسپانیا بەشێوەی یەدەگ بەشداری كرد و لە یەكەم یارییدا لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە گۆڵێكی بۆ لویس سوارێز دروست كرد، دواتر لە یارییەكەی بەرامبەر یانەی یۆڤانتۆس لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەشێوەی سەرەكی بەشدار بوو و لە یارییەكەی شەمووی رابردووش لە خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی خیتافی بۆ ماوەی 24 خولەك یاریی كرد.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م