كۆتایی ئەم هەفتەیە سیستەمی پاشەكەوتی مووچە هەڵدەوەشێتەوە

:: PM:01:45:18/09/2017 ‌

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەوڵدرا ڕۆژی چوارشەم یان پێنجشەمی داهاتوو كۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجام بدرێت و گفتوگۆ لەسەر كاركردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشەكەوتی مووچە بكرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 18ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، لە ڕاگەیەنراوێكی پەرلەمانی كوردستان هاتووە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا و لەكۆبوونەوەكەدا كار بۆ گرێدانی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان كرا تا هەوڵبدرێت ڕۆژی چوارشەم یان پێنجشەمی داهاتوو ئەنجام بدرێت و گفتوگۆش لەسەر كاركردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشەكەوتی مووچە كرا.

لە بەشێكی ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، هەر لەكۆبوونەوەكەدا داوا لەحكوومەتی هەرێمی كوردستان كرا سیستەمی نوێی مووچە لەبودجەدا جێی بكاتەوەو لەسەرەتای مانگی داهاتوودا بینێرێتە پەرلەمانی كوردستان تاگفتوگۆی لەسەر بكرێت بەمەبەستی دەوڵەمەندكردنی سیستەمەكە.

هەر لەكۆبوونەوەكەدا داوا لەحكوومەتی هەرێمیكوردستان كرا دڵنیایی بداتە فەرمانبەرانی كوردستان لەوەی كە ئەو مووچانەی پاشەكەوت كراوە، نافەوتێ و میكانیزمێك دیاری بكات بۆ دانەوەی.

لە 15ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجامداو دوای 23 مانگ لە پەككەوتنی پەرلەمانی كوردستان جارێكی تر دانیشتنەكان دەستی پێ‌ كردەوە.



وشە - رامیار جەواد