دادگا سزایەكی قورسی بۆ رۆنی دەركرد

:: PM:02:02:18/09/2017 ‌

دادگای ئینگلیزی ئەمڕۆ دووشەم واین رۆنی ئەستێرەی یانەی ئێڤەرتۆنی ئینگلیزی دادگایی كرد و مۆڵەتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێڵی بۆ ماوەی 2 ساڵ لێ سەندەوە لەگەڵ كاركردن بۆ ماوەی 100 سەعات لە كاری گشتیدا لە ماوەی ساڵێكدا.

هەواڵەكە لە رۆژنامەی (گاردیان)ی ئینگلیزی بڵاو كراوەتەوە كە تێیدا جەخت لەوە كراوەتەوە كە دەبێت رۆنی بۆ ماوەی 100 سەعات بەبێ هیچ بەرامبەرێك بۆ خزمەتی گشتی كار بكات.

ئەم بڕیارەی دادگا دوای ئەوە هات كە رۆنی لە مانگی رابردوودا بەسەرخۆشی ئۆتۆمبێڵی لێخوڕی بوو، ئەو كاتیش یانەی ئێڤەرتۆن ئاگادارییەكی توندی كردبووەوە لە ئەگەری دووبارە كردنەوەی كارەكەدا لە یاریكردن دووری دەخەنەوە.

دوای دادگا رۆنی داوای لێبوردنی لە خێزان و راهێنەر و هاندەرانی یانەی ئێڤەرتۆن كردبوو و جەختیشی كردبووەوە كە چیتر كاری قێزەوەنی لەمجۆرە دووبارە ناكاتەوە.

ئەو ئەستێرەیەی پێشووی یانەی مانچستەر یونایتد راشی گەیاند كە بەدڵێكی فراوانەوە سزاكەی دادگا قبووڵ دەكات و جەختیشی كردبووەوە لە ماوەی ساڵێكدا قەرەبووی كۆمەڵگەكەی دەكاتەوە بە كاركردن بۆ ماوەی 100 سەعات لە كاری گشتیدا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م