* چۆن دەزانیت كە هەڵگری نەخۆشی سیلیاكی و پێكهاتەی گلوتین چییە؟
* چ جۆرە خواردەمەنییەك نەخۆشی سیلیاك ئاڵۆزتر دەكات؟
نەخۆشــیی "سیلیاك - Celiac" بە یەكێك لە نەخۆشییە باوه درێژخایەنەكان هەژمـــار دەكرێت كه بە شێوەیەكی تایبەت كاریگەری نەرێنی دەبێت بۆ سەركۆئەندامی هەرس لە جەستەی مرۆڤ و تێكدانی باری تەندروستی بە شێوەیەكی گشتی، كە پێكهاتەی ناسراو بە گلوتین بە ڕێژەیەكی بەرچـــاو بەدی دەكرێت لە جۆرەكانی دانەوێڵە لە گەنم و جۆ و چەشنەكانی تر بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ یا وەك بەشێك لە خواردەمەنی رۆژانە كە دانەوێڵەی تێدا بەكار دەهێنرێت.
بە پێی ئامارەكان كە لە نێو هاونیشتمانیانی ئەمەریكا ئەنجام دراوە و تێیدا دەركەوتووە، بەنزیكەی 1.8 ملیۆن كەس ئێستە ڕووبەڕووی ئەو كێشە تەندروستییە بوونەتەوه، بە جۆرێك كە بەرگری جەستەی مرۆڤ پێكهاتەی گلوتینی دانەوێڵە وەك دژە تەن دەستنیشان دەكات و كارلێكی نەرێنی لە ئەنجامدا سەرهەڵدەدات و هۆكار دەبێت لە ئاڵۆزكردن و تێكدانی تەندروستی كۆئەندامی هەرس لە جەستەی مرۆڤــــدا.
نیشانەكانی نەخۆشـیـی سیلیاك لە كەسانی تووشبوو هەندێك جــار بە ڕوونی دەرناكەون یا لە كاتی دەستنیشانكردنی لە لایەن پزیشكی پسپۆڕ تێكەڵ بە نەخۆشییەكانی تری كۆئەندامی هەرس دەكرێن بە تایبەت برینی گەدە، هاوكات نیشانەكانی نەخۆشییەكە زیاتر بریتی دەبن لە (ئازار و هەڵئاوسانی سك، ڕشانەوە، سكچوون، پیساییكردنی بە ئازار و كاڵبوونی ڕەنگی پاشەڕۆ).
لە ئەنجامــدا كۆمەڵیك كێشەی تەندروستیی تر بەهۆی لێكەوتەكانی نەخۆشــی سیلیاك سەرهەڵ دەدەن وەك لە دەستدانی كێش بۆ ئاستە ترسناكەكانی و كێشەی بەدخۆراكی كە هەرس و مژینی خۆراكی پێویست بە شێوەیەكی تەندروست لە ڕێی گەدە و ڕیخۆڵەوە ڕوو نادات، هەروەهـــا كێشەی كەمخوێنی و لاوازی جەستە و فشەڵی ئێسك و سڕبوونی دەست و پێیەكان و پەڵەی پێست و تێكچوونی باری دەروونی و كەمبوونی ئاستی بیرتیژی و كێشەی تەندروستی ترسناك بۆ ژنی دووگیان و لێكەوتی لەبـــارچوونی منداڵ دەكرێت پێشبینی بكرێت بۆ هەر كەسێك كە نەخۆشیی سیلیاكی هەبێت.
خواردەمەنی ڕۆژانەی جۆراوجۆر لە نان و سەموون و هەویركارییەكان وەك كێك و جۆرەكانی تر كە دانەوێڵە بەشێكی سەرەكین لە بەرهەمهێنانیان، هەروەهـــا خواردنەوە كحــوولی و ئاساییەكان كە لە دانەوێڵەی جـــۆ بەرهەم دەهێنرێن جارێكی تر بە هۆكاری ترسناك دادەنرێن لە ئاڵۆزكردنی كێشەی تەندروستی بۆ جەستەی مرۆڤ. هەر بەو هۆیەوە دەبێت كەسانی تووشبوو تەواو دوور بن لەو جۆرە خواردەمەنییانە و لەبری ئەو خواردەمەنی ناسراو بە (gluten-free diet) وەك بەشێك لە ژیانی ڕۆژانە بەكار بهێنن و هاوكات بەشێوەیەكی بەردەوام پێكهاتەی ڤیتامین و ئاسن لەسەر شێوازی دەرمـــان پێیان دەدرێت وەك دروستكردنەوەی هاوسەنگی تەندروستی و جێگرەوەی ڤیتامینی لە دەستچووی خواردەمەنی ڕۆژانە كە ناوپۆشی ڕیخۆڵـــە ناتوانێت هەڵیبمژێت و سوودی لێ وەربگرێت بە هۆی كێشەی تەندروستی كۆئەندامی هەرس.
د. تۆڵە فەرەج
*سەرچاوە (ماڵپەڕی تەندروستی Webmd)