"سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ بەشداری كۆبوونەوەی ئەمڕۆی كردووە"

:: PM:02:28:18/09/2017 ‌

بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان بەشێوەیەكی كاتی ئاشكرای كرد لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا، ئەوەی بەشداری كردووە وەك سەرۆك فراكسیۆن بووە.

ئەمڕۆ دووشەم 18ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان كە پۆستەكەی كاتییە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بەشداریكردنی نوێنەرێكی كۆمەڵ لە كۆبوونەوەكە سیفاتی سەرۆك فڕاكسیۆنی دەبێت، چونكە كۆبوونەوەكە تەنیا سەرۆك فڕاكسیۆنەكان بەشداربوون.

سكرتێری پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ حكوومەت پەرلەمان كۆبوونەوەیەكی تر دەكات و بەبێ‌ جیاوازی داوای كۆبوونەوە بۆ سەرجەم ئەندامان دەنێرین و هیوادارین ئامادەی دانیشتنەكە بن.

تاڵەبانی زیاتر گوتی، هیوامان زۆرە كە لەدانیشتن لەگەڵ حكوومەت و كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان چاك بكرێت و جارێكی تر پێداچوونەوە بەو سیستەمە بكرێت.

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان، شوكریە شێخانی ئەندامی فڕاكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی بەشداربووی دانیشتنەكە بوو، ئەمەش وای كرد سەرۆك فڕاكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لەڕێی ڕاگەیاندنەكانەوە داوا لە شوكریە بكات كۆبوونەوەكە جێبهێڵێت.

دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەستی پێ كردووەتەوە و ئێستە خەریكی دەركردنی پڕۆژە یاسایەكە بۆ پێداچوونەوە بە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران.



وشە - رامیار جەواد